خانمه‌ شۆخه‌كه‌ی رووسیا بۆ قۆناخی داهاتوو په‌ڕییه‌وه‌

تێنسزانه‌ ئیسپانیاییه‌كه‌ش ده‌ربازی بوو

k24 ـ هه‌ولێر

له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی پاڵه‌وانییه‌تیی تێنسی ئوسترالیای كراوه‌ بۆ ئاستی خانمان، لە یارییەکی ئاستبەرز لە یاریگای (رۆد لاڤێر ئەرینا) شۆخ و شەنگترین کچە یاریزانی جیھان (ماریا شاراپۆڤا) كه‌ له‌ خانه‌ی پێنجه‌می باشترین تێنسزانانی جیهانه‌ سەرەرای پێکانە یەک لەدوای یەکەکانی، بەڵام لە قۆناخی دووەمیش توانی لە (ئەلیکساندرا ساسنۆڤیچ)ـی کچە تێنسزانی روسیای سپی بباتەوە، بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر بۆ قۆناخی دواتر سەرکەوت.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌یشدا، (کارلا سوارێز ناڤارۆ)ـی ئیسپانی و خاوه‌نی خانه‌ی دەیەمی باشترین خانمە تێنسزانەکانی جیھان زۆر بە زەحمەت و بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە (ماریا ساکار)ـی یۆنانی بردەوە و به‌ره‌و قۆناخی سێیه‌م په‌ڕییه‌وه‌.

پاڵه‌وانییه‌تیی ئوسترالیای كراوه‌ یه‌که‌مین زنجیره‌ی پاڵه‌وانییه‌تییه‌‌ گه‌وره‌کانه‌ که‌ به‌ "گراند سلام" ناسراون، پاڵه‌وانییه‌تیی میلبۆرن ـیشی پێ ده‌گوترێت، رۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو به‌ به‌شداریی 128 تێنسزان له‌ کوڕان و کچان ده‌ستی پێكرد، سیستەمی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ بە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی تاکییە، واته‌ دۆڕاندن لە هەر یارییەک راسته‌وخۆ ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ ده‌كات.