شرۆڤه‌ی یارییه‌كانی ئه‌مشه‌وی جامی شای ئیسپانیا

بارسێلۆنا كێشه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌یدا هه‌یه‌

k24 ـ  هه‌ولێر

ئەمشەو لە جامی شای ئیسپانیادا، یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنای یەکەم و دووەمی لالیگا یارییەکانیان دەکەن و لە یاریی چوونی قۆناخی چارەگی کۆتایی رووبەڕووی سێلتاڤیگۆ و ئاتلەتیک بلباو دەبنەوە، بارسا دوای بردنەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، دووبارە رووبەڕووی یانە باسکییەکە دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە یاریگەی سان مامێس.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌یشدا رۆخی بلانکۆسیش دەچێتە یاریگەی بالایدۆس و دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ.

سێ رۆژ پێش ئێستا لە لالیگا ئاتلەتیک بلباو بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر بە یانەی بارسێلۆنە دۆڕا، ئەمشەویش دیسانەوە ئاتلەتیک بلباو رووبەرووی بارسێلۆنە دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەناو یاریگه‌ی سان مامێس ـه‌و لە قۆناخی چارەگی کۆتایی جامی شای ئیسپانیایە.

بلباو بە پێکھاتەیەکی تەواو یاری دەکات و ھیچ یاریزانێکی پێکانی نییە و ئادۆرێزیشی بۆ گەڕاوەتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەک یاری لە لالیگا راگیرا، بەڵام لە یارییەکەی ئەمشەو سەرکردایەتی یانەکەی ھەرێمی باسک دەکات.

بارساش ئه‌مشه‌و كه‌موكوڕی له‌ سێكوچكه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و‌ سوارێز و مێسی لە پێکھاتەی بارسادا نین و ته‌نیا نێیمار ئاماده‌یه‌.

سوارێز بەھۆی سزای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ ماوەی دوو یاری سزا دراوە، مێسیش لە یاری بەرامبەر بلباو لە لالیگا گێمی دووەم گۆڕانکاری پێ کرا، بەڵام لویس ئینریکێ بۆ دڵنیابوون لەو یاریزانە پشووی پێ دەدات و یاری پێ ناکات.

خۆردی ئەلباش بەھۆی پێکانەوە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دادەبڕێت و بارسا لەتواناکانی ئه‌و یاریزانه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و بێبەشە.

جگە لەوە ئینریکێ دەیەوێ پشوو بە ئەندەریاس ئینێستای کاپیتانی یانەکەی بدات و لە بری ئەو یاریزانانەش ھەریەک لە بارترا ئاردە توران،  ڤێرمایلین و سێرجی رۆبێرتۆ یاری پێ ده‌کات.

لە یارییەکی تردا سێلتاڤیگۆ مێوانداریی یانەی ئاتلەتیکۆ مەدرید دەکات، کوڕانی سیمیۆنی ھەشت رۆژ بەر لە ئێستا لە لالیگا، سێلتاڤیگۆی تووشی شکست کرد.

سێلتاش لە قۆناخی یەکەمی جامی شای ئیسپانیا بە کۆی دوو یاری بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە کادیزی بردبوویەوە.

نۆلیتۆ و ھاوڕێکانیشی بە تەواوی پێکھاتەی یانەکەیان بۆ ئەم یارییە ئامادەن و ھیچ یاریزانێکی راگیراویشیان نییە، بەڵام ئاتلەتیکۆ مەدرید لە تواناکانی فێرناندۆ تۆرێس بێبەش دەبێت کە بەھۆی پێکانەوە لە پێکھاتەی ئاتلەتیکۆ دوور خراوەتەوە.

سیمیۆنی راھێنەریش لەبری ئەو ھەلێک دەدات به‌ مارتێنێز و وەک ھێرشبەری سەرە ڕم یاری پێ دەکات.