ترامپ: ئێران سوودمه‌ندی یه‌كه‌مه
پێویسته دیوارێكی گه‌وره به چوارده‌وری وڵات‌دا دروست بكه‌ین
K24 - واشنتۆن:
كاندیدێكى كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ڵبژاردنی 2016، داوا ده‌كات بۆ پاراستنی كریستیانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، دیوارێكی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی چین، به چوارده‌وری ئه‌مه‌ریكادا دروست بكرێت و رێگری له لێشاوی په‌نابه‌ران بكرێت.
ئێران سوودمه‌ندی ره‌وشه‌كه
ترامپ ره‌خنه‌ی له بواری سه‌ربازی و سیاسی وڵاته‌كه‌ی گرت له ماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و رایگه‌یاند، پێویست بوو واشنتۆن كۆنتڕۆڵی نه‌وتی عێراق بكات و گوتی: "به‌ر له شه‌ڕی عێراق هۆشداریم له تێكچوونی سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا و رامگه‌یاند، كه وڵاتانی دراوسێ, سوودمه‌ندی یه‌كه‌می ره‌وشه‌كه ده‌بن، ئه‌وه‌ی گوتم ئێستا روویدا و ئێران سوودمه‌ندی یه‌كه‌می ره‌وشه‌كه‌یه و توانیویه‌تی كۆنتڕۆڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات".
نه‌وتی عێراقمان نه‌برد
له چوارچێوه‌ی وتاره‌كه‌یدا دۆناڵد ترامپ گوتی:" پێویست بوو نه‌وتی عێراق ببه‌ین و له ئه‌مه‌ریكا عه‌مبار بكه‌ین، چونكه هه‌ر كه‌سێك له جه‌نگ بباته‌وه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه دهستكهوتهكانیش بباته‌وه، ئێستا ده‌پرسم چیمان له‌عێراق چنگكه‌وت؟ هیچ! به‌ڵام ئێران ئێستا كۆنتڕۆڵی عێراقیكردووه".
گوتیشی: "دیارییه گه‌وره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر عێراقدا بۆ ئێران بوو، جیا له 150 ملیار دۆلار، به بوونی ئه‌و رێژه زۆره‌ی پاره‌ش چیدیكه ئێران پێویستی به دروستكردنی چه‌ك نییه‌و ده‌توانێت له بازاڕه‌كاندا بیكڕێت".
له وتاره‌كه‌یدا كه "CNN" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ترامپ گوتی: "بۆ پاراستنی كریستیانه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ, ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی له جیهان رووده‌ده‌ن، ده‌بینین كه ئایینی كریستیان له‌ژێر ئابڵۆقهدايه، ئه‌گه‌ر له سووریا كریستیان بی سه‌رت له له‌شت جیاده‌كه‌نه‌وه".
ديوارى گه‌وره‌ی چین
ترامپ جارێكی دیكه داوای خۆی دووپاتكرده‌وه بۆ بنیاتنانی دیوارێكی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی چین، به چوارده‌وری ئه‌مه‌ریكا و گوتی: "كاتێك باس له بنیاتنانی دیوارێكی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی چین ده‌كه‌م، خه‌ڵك ده‌ڵێن له‌به‌رچی؟ منیش لێره‌دا به‌بیریان ده‌هێنمه‌وه، چینییه‌كان به‌بێ هیچ ئامێرێك توانییان دیوارێكی گه‌وره به درێژای 13 هه‌زار میل دروست بكه‌ن و ئێمه‌ش داوای دروستكردنی دیوارێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ین".
ترامپ له باره‌ی سوپای وڵاته‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت: "جه‌نه‌رال ئۆدێرنۆ كه پۆسته‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت، گوتی سوپاكه‌مان له نزمترین ئاستی خۆیدایه".
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته سوپاكه‌مان له ئاستێكدابێت، كه‌س نه‌توانێت گاڵته‌مان پێبكات، تێچووی دروستكردنی سوپایه‌كی له‌و جۆره‌ش، زۆر كه‌متره له‌و شته بێمانایانه‌ی ئێستا ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامیان ده‌دات و چیدیكه رێزمان ناگرن.. نه‌مانتوانیوه شكست به داعش بهێنین".