عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: زمانی هەڕەشە خزمەت بە عێراق ناکات و پێویستە بە دیالۆگ هەنگاو بنرێت

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان نیگەرانی خۆی بەرامبەر راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەردەبڕێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت هەنگاوەکان لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای شەراکەت یەکلایی بکرێنەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند "ئەوەی بیستمان لە راگەیێندراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زۆر نیگەرانی کردین، لەبەرئەوەی زمانی هەڕەشە و سەپاندن خزمەت بە گەلانی عێراق و پرۆسەی سیاسی ناکات."

گوتەبێژی یەکێتی زانایان ئاماژەی بە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی "کورد هاوبەشێکی سەرەکی و هەرێمێکی یاسایی و خاوەن پێگە و مافی دەستوورییە، ناکرێت بە میزاج یان دروستکردنی کۆسپ و بەربەست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە خەرقی دەستوور لەسەر حیسابی مافی نەتەوەیەکی وەک کورد تاوانە و پێشهاتێکی مەترسیدارە." هەروەها داوای لە ناوەندە ئایینییەکانی عێراق کرد کە لە چوارچێوەی برایەتیی ئایینیدا ئەم راستی و هەڵوێستە بۆ هەموو لایەک رابگەیێنن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی روونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان تەنها سنوور و جوگرافیا نییە، بەڵکو نیشتمانی نەتەوەیەکی خاوەن کەرامەت و مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و دەریایەک خوێن و خەبات و شەهیدە.

گوتەبێژی یەکێتی زانایان جەختی لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانیی لایەنە کوردییەکان کردەوە و بە زامنی سەرکەوتن، رەواندنەوەی مەترسییەکان و گەیشتن بە مافی نەتەوەیی وەسفی کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، پارێزگاریکردن لە نەتەوە و خاک و ئایین ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانیی گەورە و بەشێکە لە دینداری و پێویستییەکی هەنووکەیی بزاڤی نەتەوەییە، بۆیە یەکێتی زانایان دووپاتی دەکاتەوە زۆر پێویستە هەمووان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و بە زمانی ئاشتی و دیالۆگ هەنگاو بنێن.