شاندێکی پارتی و سوودانی جەخت لە چارەکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور دەکەنەوە
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا لەگەڵ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و داوا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ دەستوور ببرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و رێگاکانی پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکارییان لە نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا تاوتوێ کرد، بە جۆرێک بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت.
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هاوبەشە سیاسییەکان، پەنابردن بۆ هێورکردنەوەی راگەیاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دەستوورەوە گرنگییەکی زۆریان هەیە.
هەروەها سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان داوای کرد، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمدا رێک نەخراون پتەوتر بکرێن، بۆ ئەوەی یەکخستنی هەوڵ و دیدگاکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان دابین بکرێن. هاوکات پێداگریشی کرد، گوێگرتن و هاوکاریکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکاندا پێویستییەکی سەرەکییە.