عه‌بادی: به ئاسانی موسڵ ئازاد ده‌كه‌ینه‌وه
هه‌ندێك وڵاتان پاڵپشتی ئایدۆلۆژی داعش ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، كه ئاماده‌كاری بۆ دانانی پلانێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به "ئاسانی" مووسڵ له ده‌ستی داعش ده‌ربهێنن.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كریستیان ئه‌مانپوور له ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN", ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 22ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016 گوتی: "سوپای عێراق و پۆلیسی ناوچه‌كه, ئاماده‌كاری بۆ دانانی پلانێك ده‌كه‌ین و به ئاسانی موسڵ له‌ژێر ده‌ستی داعش دهردههێنين". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌راورد به پێشتر، داعش زۆر تواناكانی خۆی له ده‌ستداوه.
عه‌بادی گوتیشی: "شه‌ڕی داعش بۆ ئێمه ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه، پێویسته سه‌رجه‌م شاره‌كان له‌ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه ده‌ربهێنین، داعش به مانای ئایدۆلۆژییه‌كی توندڕه‌و و مه‌ترسیدار دێت و هه‌ندێك وڵاتانی ناوچه‌كه پاڵپشتی ئه‌و ئایدۆلۆژیایه ده‌كه‌ن".
حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زۆرینه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه عێراقی نین و له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهانه‌وه هاتوون و رێكخراوی داعش‌یش له عێراق دانه‌مه‌زراوه.
عه‌بادی هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته بپرسین بۆچی رێگادرا داعش له سووریا گه‌شه‌بكات و سه‌رهه‌ڵبدات؟ چۆن رێگادرا بتوانێت سنووره‌كانی عێراق ببڕێت و دانیشتووانه‌كانی بكوژێت و وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌رییان بكات".