تاران.. "مردن بۆ ئەمریكا " لە مۆبایلیش لادرا

ئەو درووشمە ریشەی لە ناخی تاك بە تاكی ھاووڵاتیانی ئێراندا ھەیە

K24 – تاران:

ئێران بە فەرمی درووشمی "مردن بۆ ئەمریكا "ی لە پارچە میوزیكی چاوەڕوانی مۆبایلی وڵاتەكەی لادا.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرەتا كۆمپانیای ئیرانسێڵی سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند: "بە فەرمی ئەو درووشمەی لە ریزی میوزیكی چاوەڕوانی سیستەمی پەیوەندیكردنی مۆبایل لادا".

ئەو پارچە میوزیكە بە ھێمای دوژمنایەتی ئێران لەگەڵ ئەمریكا دادەنرا و ساڵی رابردوو لەگەڵ پەرەسەندنی رەوتی دانووستانی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بە میوزیكی چاوەڕوانی مۆبایل زیاد كرابوو.

درووشمی مەرگ بۆ ئەمریكا، ساڵی 1979 لە كاتی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن لایەنگرانی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینییەوە ھاتە ئاراوە، تەنانەت عەلی خامەنەئیی رێبەری ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەو درووشمە گوتی: "كەس درووشمی مردن بۆ ئەمریكای فێری خەڵكی ئێران نەكردووە، ئەو درووشمە ریشەی لە ناخی تاك بە تاكی ھاووڵاتیانی ئێراندا ھەیە".

 بەڵام ھاشمی رەفسەنجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كتێبی (سەراحەتنامە)دا  گوتبووی: "ھەرگیز لایەنگری درووشمی تووند نەبووم و دەزانم ھیچ سوودێكییان نییە".

دوای راگەیاندنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 لە رۆژی 17/ 1/ 2016 ، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا بەیاننامەیەكی ھاوبەشیان خوێندەوە و تێیدا جاڕی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكەیاندا. دواتریش سەرۆك كۆماری ئەمریكا، باراك ئۆباما، فەرمانی لابردنی گامارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێرانی دەركرد، ھاوكات یەكێتی ئەورووپاش سزاكانی سەر ئێرانی ھەڵوەشاندەوە.

Fly Erbil Advertisment