"ئێران ساغ بێتەوە حكوومەتە یان شۆڕش"

بەرپرسی ھێرشەكی سەر باڵوێزخانە سعوودیە دوزراوە

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران چەندین وێنەیانە لە رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ھێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاوكردووەتە، لەو وێنانەدا دەردەكەوێت، خامەنەئی، سەرقاڵی گەپ و گاڵتە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ھێزە. تەوەرێكی دیكەی جێگەی بایەخی رۆژنامەكانی ئێران، گەشتی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ وڵاتانی ئەورووپایی. ھەروەھا دۆزرانەوەی تۆمەتباری سەرەكی ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی سعوودیەش تەوەرێكی دیكەی گرنگی رۆژنامەكانی ئێرانە.

لە وتارێكی رۆژنامەی جەوان، نووسەر بەو شێوەیە باسی ئەو دیدارە دەكات: "دیداری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەو سوپایەی (ھێزی دەریایی ئێران) سەربازە ئەمریكاییەكانیان ناچار كرد، بكەونە سەر ئەژنۆ".

ھەروەھا نووسیویەتی: "ئەوە پەیامێكی جدییە بۆ ئەمریكاییەكان بۆ ئەوەی باش بزان، ئێمە ھیچ بەڵێنیكمان بەرامبەر ئەمریكا نییە، ھەركاتێك رووداوێك لە نێوانمان روویدا، سەرلە نوێ پێناسەیەكییان بۆ بكەینەوە، بەو ماناییەی ئەگەر كێشەیەك لە نێوان ئێمە و ئەمریكا یان یەكێك لە ھەوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا روویدا، بڵێن ئێمە بەڵێننامەمان لەگەڵ ئەمریكا ھەیە و بیخەینە چوارچێوەی ئەو بەڵێننامەیەوە و بەند و بەستیان لەگەڵ بكەین".

ئەو رۆژنامەیەی سەر بە سوپای پاسداران نووسیویەتی: "ئەو كارەی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مانای سوپاس و پێزانینی رێبەرە لە ھێزی دەریایی ئێران و پێویستە ئێران خۆی ساغ بكاتەوە دەیەوێت حكوومەت بێت یان شۆڕش".

چۆنمان رێز لێبگیرێت، ھەروا رێز دەگرینەوە

رۆژنامەی ئیبتكار نووسیویەتی: "لە رابردوودا، ھەركەس بارگەوبنەی تێكدەنا بەرەو ئەورووپا بەڕێدەكەوت یان بە دەستی بەتاڵ دەگەڕاوە یان گوتەكانی پێشكەش بە كورسییە خاڵیەكان دەكرد و دەگەڕیەوە بۆ ئێران(مەبەستی نووسەر سەردەمی سەرۆك كۆماری ئەحمەدی نەژادە، لە كاتی پێشكەشكردنی وتارەكانیدا لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان، بەشداربووان ھۆڵەكەیان چۆڵ دەكرد)."

نووسەر بەو شێوەیە درێژە بە باسەكەی دەدات: "ئەمڕۆ جیاوازە، ئێمە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانمان جیھان دەبینین، بە ھەمان رادە كە رێزمان لێدەگیرێت، رێز لە خەڵك دەگرین".

سەرۆك كۆمار بێ دەنگ نەبێت

رۆژنامەی وەقایعی ئیتفاقیە نووسیویەتی: "بە گوێرەی یاسا حكوومەت لە رێگای وەزارەتی ناوخۆ، جێبەجێكاری پرۆسەی ھەڵبژاردنە، بەڵام لە كۆی پرۆسەكەدا شوورای نیگەھبان چاودێری ھەڵبژاردن دەكات".

ھەروەھا نووسیویەتی: "گفتوگۆی سەرۆك كۆمار حەسەن رووحانی لەگەڵ شوورای نیگەھبان بۆ لێكۆڵینەوە لە پرسی رەتكردنەوی كاندیدەكان رێگەچارەیەكی گونجاوە و كارسازە، چونكە سەرۆك كۆمار پارێزەری مافی ھاووڵاتیانە، كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی دەكەونە ئەو چوار چێوەیەوە و پێویستە سەرۆك كۆمار بێ دەنگ نەبێت".

بەرپرسی ھێرشەكی سەر باڵوێزخانە سعوودیە دۆزرایەوە

رۆژنامەی فەرھیختەگان نووسیویەتی: "دوای تێپەڕبوونی سێ ھەفتە بەسەر ھەڵكوتانە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە، خەریكە سەرەداوەكانی دەر دەكەون. پێشتر بەرپرسان گوتیان، ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی سعوودیە بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، ھێرشبەران زیاتر لە 10 ساڵە لە كەرەج و تاران لەگەڵ چەندین شانەی خێرخوازی و ئایینی پەیوەندییان ھەیە".

سەبارەت بە تۆمەتباری سەرەكی ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی سعوودیە ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "ئەندامێكی كۆمسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوی كەسێكی ھێناوە، (حەسەن، ك، م)".

رۆژنامەی شەھروەندیش نووسیویەتی: "(ح. ك. م) زۆریش نەناسراو نییە تەنیا گەڕانێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە بۆ ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ئەو رووحانییە كۆ بكرێتەوە، ئەو كەسەی میدیاكانی سەر بە پارێزگاران وەكوو (ئەندامی دەفتەری پتەوكردنی یەكێتی) ناوی دەبن.