رۆژنامەکانی ئێران: سەرەتا ئەمریكا و دواتر ئەوروپا

"رۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان دەكوژرێن و ھیچ مۆمێكیش لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەفغانستان ھەڵناكرێت"

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران تیشكیان خستووەتە سەر سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی بۆ ئەوروپا و بە گرنگییەوە باسیان كردووە، ھاوكات رۆژنامەیەكی سەر بە پارێزگاران، بەراودی روانگەی جیھانیی بۆ كوژرانی رۆژنامەنووسان كردووە.

رۆژنامەی قانوون وتارێكی بڵاوكردووەتەوە تێیدا ھاتووە: "ئەگەر ئێران بیەوێت ھاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت، پێویستە سەرەتا ھەوڵبدات، چارەسەری كێشەی ئابووریی و وزەی وڵاتەكەی بكات، بۆ ئەو كارەش پەیوەندیی درووستكردن لەگەڵ ئەمریكا باشترین ھەڵبژاردەیە، چونكە لە رووی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیاوە لە ھەموو وڵاتان لە پێشترە.

چین و رووسیا خزمەت بە ئێران ناكەن

نووسەر بەو شێوەیە درێژە بە باسەكەی دەدات: "رووسیا و چین وەكوو ئامرازێك سەیری ئێران دەكەن و زیاتر بۆ مەبەستی بەرژەوەندی ئابووریی خۆیان دێنە ئێران، نابێت لەیادمان بچێتەوە، كاتێك ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دژی ئێران بڕیاری دەردەكرد، ئەو دوو وڵاتە دەنگیان دەرنەدەھات و ھاوشانی ئەوان دەڕۆیشتن.

رۆژنامەی شەرق نووسیویوتی: "سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی بە تایبەت بۆ ئیتاڵیا و فەرەنسا زۆر بەجێیە. ئێران پێویستە ھەوڵبدات لە دەرفەتەكان كەڵك وەربگرێت، پەیوەندیی سووننەتی ئێران و ئەوروپا لە بوارەكانی سیاسیی وئابوورییدا پێشتر جیاواز بوو، ھاوكاریی بەرفراوانی ئێران لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتالیا جیاوازە لەگەڵ وڵاتەكانی دیكە.

كۆماری ئیسلامی چارەسەری قەیرانەكانی جیھان

رۆژنامەی شەرق لە درێژەدا نووسیویەتی: "بەرپرسانی ئەوروپایی دركیان بەوە كردووە، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی جیھاندا و بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییە، پێویستیان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە. سەردانەكەی حەسەن رووحانی دەرفەتێكی گونجاوە، بۆ ئەوەی داھاتوویەكی پڕشنگدار لە پەیوەندییەكانی ئێران و یەكێتیی ئەوروپادا دروست بێت.

رۆژنامەی فەرھیختەگان تایبەت بە لابردنی گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر ئێران نووسیویەتی: "ھەرچەندە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زیاتر گەمارۆ سەرەتاییەكانی لابردووە، بەڵام سەرجەم كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنەری فڕۆكە لەو وڵاتە دەتوانن، فڕۆكە ھەناردەی ئێران بكەن. نزیكەی ھەموو كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنەری فڕوكە ھیواخوازن پشكیان لەو 500 فڕۆكەیەدا ھەبێت كە ئێران لە داھاتوودا پێویستی پێیە بیانکرێ.

بۆ كەس نابێتە "تلووع"؟

رۆژنامەی ئیتلاعات سەر بە باڵی پارێزگاران، پرسی كوژرانی رۆژنامەنووسەكانی كەناڵی تەلەفزیۆنی تلووعی ئەفغانستانی ورووژاندووە و نووسیویەتی: "لەو وڵاتانەی كە شەڕ و تێكهەڵچوونی تێرۆریستیی ھەیە، كوژرانی رۆژنامەنووسان شتێكی چاوەڕوان نەكراو نییە، بەڵام دەردی گران ئەوەیە داعش لە نێو دڵی پاریسدا، ھێرشیكردە سەر شارلی ئێبدۆ و رۆژنامەنووسەكانی ئەو دەزگایەی دایە بەر دەسترێژی گوللـە و 12 كەسیان كوشت و ژمارەیەكیشیان برینداركرد، ئەو رووداوە لە جیھان دەنگی دایەوە و ھەموو وڵاتان پرسەیان راگەیاند و سەرخۆشیان لە فەرەنسا كرد.

ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "بەداخەوە رۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان دەكوژرێن، بەڵام تەنانەت سەرخۆشییەكێش لە لایەن میدیا فارسی زمانەكانەوە (مەبەستی میدیاكانی ئێران بە تایبەت میدیاكانی سەر بە ریفۆرمخوازان) لە كەسوكاریان ناكرێت و ھیچ مۆمێكیش لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەفغانستان ھەڵناكرێت و كەسیش ناڵێ ئێمەش تلووعین.