شوورای نیگەھبان: كاندیدە رەتكراوەكان 3 رۆژیان مۆڵەتە، سكاڵا تۆمار بكەن

نەوەی رووحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە لیستی كاندیدە رەتكراوەكاندایە

K24 – تاران:

لە حالێكدا بڕیارە بەم زووانە ناوی كاندیدە قبووڵكراوەكان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان رابگەیەنرێت، شوورای نیگەھبان داوای لە پاڵێوراوە رەتكراوەكانكرد، سكاڵاكانیان رادەستی ئەو شوورایە بكەن.

لە بەیاننامەكەی شوورای نیگەھباندا ھاتووە، كاندیدە رەتكراوەكان، بە گوێرەی بەندی 2 لە ماددەی 16ی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان، لانیكەم بۆ ماوەی 3 رۆژ مۆڵەتیان ھەیە، سكاڵاكانیان پێشكەش بە شوورای نیگەھبان بكەن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی چاودێری ھەڵبژاردن، سیامەك رەپیك، بە ئاژانسی ھەواڵی ئیرنای راگەیاند: "لە نێوان ئەو كەسانەی ناونووسییان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان كردووە، 158 كەس پاشگەز بوونەتەوە، 118 كەس پێوەرە دیاریكراوەكانیان نەبووە، 150 كەسیش لە تاقیكردنەوەی ھەڵبژاردندا بەشدارییان نەكردووە، بۆیە رەتكراونەتەوە. بەمەش ژمارەی كاندیدە رەتكراوەكان 207 كەسن.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە فیلتەری شوورای نیگەھبان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن دەرچوون، 166 كەسن و دەتوانن وەكوو كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایان بۆ ھەڵبژاردنی 26ی شوبات/ فێبرایەر 2016  خۆیان ئامادە بكەن.

بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی(ئیلنا) ناوی حەسەن خومەینی، نەوەی رووحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە لیستی كاندیدە رەتكراوەكاندایە، بەڵام سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەزایان، ھاشمی رەفسەنجانی لە فیلتەری شوورای نیگەھبان بۆ كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایان دەرچوون.

تا ئێستا ناوی كاندیدە قەبووڵكراوەكان بە فەرمی رانەگەیەنراوە، ھاوكات سەرچاوەیەكی نزیك بە بنەماڵەی خومەینی گوتی: "شوورای نیگەھبان بە فەرمی رەتكرانەوەی حەسەن خومەینی رانەگەیاندووە".

بە گوێرەی دەستووری كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا كەسانێك دەتوانن بۆ پۆستەكانی سەرۆك كۆماری، ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایان بەشداری بكەن كە لە قۆناغی یەكەمدا بە فیلتەری شوورای نیگەھباندا تێپەڕن و لە قۆناغی دووەمدا خەڵك دەتوانن دەنگیان پێبدەن.