مانچێسته‌ر سیتی سه‌ركه‌وت، به‌ڵام لێدانێكی كوشنده‌ی به‌ركه‌وت

له‌ یاریی كۆتایی دا رووبه‌ڕووی لیڤه‌رپوول ده‌بێته‌وه‌

k24 ـ هه‌ولێر

مانچێسته‌ر سیتی تۆڵه‌ی دۆڕانه‌كه‌ی یاریی چوونی كرده‌وه‌ و به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ ئێڤه‌رتۆن خۆی گه‌یانده‌ یاریی كۆتایی جامی كاپیته‌ل وه‌ن.

مان سیتی گه‌رچی له‌ خوله‌كی ١٨ له‌لایه‌ن رۆس باركلییه‌وه‌ تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی هه‌ژێنرا، به‌ڵام له‌ خوله‌كی ٢٤ له‌ رێگای فێرناندۆی یاریزانی به‌رازیلی یانه‌كه‌وه‌ هه‌رزوو ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ راستكرایه‌وه‌.

له‌ نیوه‌ی دووه‌میشدا، كێڤین دێ برۆین له‌ خوله‌كی ٧٠ گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ سیتیزنس كرد، ئینجا دواتر له‌ خوله‌كی ٧٦ سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ جیاوازییه‌كه‌ی زیاتر كرد و گۆڵی سێیه‌می بۆ مان سیتی تۆماركرد.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ یاریی چوون به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك دۆڕابوو و له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك سه‌ركه‌وت، مان سیتی خۆی گه‌یانده‌ یاریی كۆتایی و له‌ یاریی كۆتایی رووبه‌ڕووی لیڤه‌رپوول ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌ستۆی ستۆك سیتی خۆی گه‌یانده‌ یاریی كۆتایی.

له‌ دوایین خوله‌كه‌كانی یاریی مانچێسته‌ر سیتی له‌ به‌رامبه‌ر ئێڤه‌رتۆندا، كێڤن دێ برۆین تووشی پێكانێكی قورس بوو. دوای ئه‌وه‌ی گۆڵی دووه‌می بۆ مان سیتی تۆماركرد، دێ برۆین له‌ قاچی راستی تووشی پێكانێكی قورس بوو و به‌ناچاری یارییه‌كه‌ی پێ ته‌واونه‌كرا.

دوای یارییه‌كه‌ مانوێل پێلیگرینی له‌باره‌ی پێكانه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستكاره‌ به‌لجیكییه‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، پزیشكه‌كانی یانه‌كه‌ی پێیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ پێكانه‌كه‌ی دێ برۆین له‌ به‌سته‌ره‌كانی ناوه‌ڕاستی قاچییه‌تی و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پشكنینی زیاتری بۆ ده‌كرێت.

به‌پێی پێشبینییه‌كانی میدیا به‌ریتانییه‌كان، له‌وانه‌یه‌ دێ برۆین بۆ ماوه‌ی مانگێك تاكو سێ مانگ له‌ یاریكردن داببڕێت.

Fly Erbil Advertisment