بەدینەھاتنی خەونەكانیان بووەتە ھۆی گەڕانەوەیان
ھەفتانە زیاتر لە 100 پەنابەر دەگەڕێنەوە عێراق
K24 – ھەوڵێر:
ژمارەی ئەو پەنابەرانەوی دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان روو لە زیاد بوونە، چوارشەممەی رابردوو، 50 پەنابەر لە فڕۆكەخانەی بەرلینی ئەڵمانیاوە گەڕانەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
بە گوێرەی ئامارەكان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی دەگەڕێنەوە وڵات رووی لە زیادبوون كردووە و ھەفتانە زیاتر لە 100 پەنابەر دەگەڕێنەوە عێراق، نەبوونی پێداویستی ژیان و درێژبوونەوەی ماوەی داخوازی بۆ وەرگرتنی پەنابەری ھۆكاری گەڕانەوەیانە.
پەنابەرێكی گەراوە بە كوردستان 24ی راگەیاند: "وێڕای ئەوەی زیاتر لە 15000 ھەزار دوڵارمان لەو رێگایەدا بە فيڕۆ رۆیشت، گەڕانەوەمان ھەڵبژارد، لەبەر ئەوەی تەنانەت سەموونی وشك بۆ خواردن بە زەحمەت دەست دەكەوت".
ھەرچەندە خەونی گەیشتن بە ئەورووپا زۆر كەسی بۆ رۆیشتن ھانداوە و زۆربەی پەنابەران لەگەڵ گەیشتنیان بۆ ئەورووپا پاسپۆرتەكانیان دەدڕێنن، بەڵام بارودۆخی دوور لە چاوەروانی ناچاریان دەكات، بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت و گەڕانەوەیان بۆ وڵات سەردانی باڵێوزخانەی عێراق بكەن.