"رووحانی سەرۆك كۆماری بە بەخت"
"بەگوێرەی زانیارییەكان ئەوە ئیتالیا و فەرەنسان كە قازانجی گەورەیان كردووە"
K24- تاران:
مانشێتی زۆربەی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران تایبەتن بە نارەزایەتی حەسەن خومەینیی بەرامبەر رەتکردنەوەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، ھاوكات گەشتەکەی حەسەن رووحانیی و بەرز نرخاندنی لە لایەن رۆژنامەكانی سەر بە ریفۆرمخوازان تەوەرێكی دیكەی رۆژنامەكانی ئێرانە.
حەسەن خومەینیی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینی، دوێنێ لە دیدارێكی لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی زانكۆ و كەسایەتی ئایینی نارەزایەتی خۆی بەرامبەر رەتكردنەوەی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان لە لایەن شورای نیگەھبانەوە دەربڕی.
ھەر لەم بارەیەوە رۆژنامەی ئارمان نووسیویەتی: "حەسەن خومەینیی ھەستی بە بەرپرسیارێتی كردووە، لەبەر خەمخۆریی بۆ داھاتووی ئێران خۆی بۆ ئەو پۆستە گرنگە كاندید كردووە".
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەم رۆژنامەیە حەسەن خومەینیی گوتویەتی: "چەندین كەسایەتیی ناسراو و دیاری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوایان لێكردم بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان خۆم كاندید بكەم، خەڵكی بەشەڕەفی ئێرانیش پێشوازیان لەو بڕیارەی من كردووە".
"رووحانی ناچارە بەسەر پەتێکی بارێكدا بڕوات"
رۆژنامەی ئیتلاعات نووسیویەتی: "رووحانی كەسایەتییەكی سیاسیی بە بەختە، بە جۆرێك سەرەتا ساڵی 2013 لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستھێنا، دواتر دەستپێكردنی دانووستانی ناووكی و رێككەوتنی مێژوویی ئێران و وڵاتانی 5+1، ھەروەھا داخستنی دۆسییەی ناووكی ئێران بۆ ھەمیشە، سەرباری ئەو پێشوازییە بێ وێنەیە کە لە لایەن ئەوروپاوە لێیكرا".
ئەم رۆژنامەیە لە درێژەی باسەكەدا نووسیویەتی: "بۆ سیاسەتمەدارێكی نوێخوازی وەكوو رووحانی بە گوتەی ئێرانییەكان كە ناچارە بە سەر پەتێکی بارێكدا ھەنگاو بنێ، ئەو دەستكەوتانە تەنیا لە ژێر سێبەری بەختێكی باش دایە".
"ئیتالیا و فەرەنسا قازانجیان كرد"
رۆژنامەكانی جەوان و كەیھان سەر بە پارێزگاران سەبارەت بە سەردانەكەی رووحانی بۆ ئیتالیا و فەرەنسا نووسیویانە: "سەردانی رووحانی و قازانجی فەرەنسا و ئیتالیا".
رۆژنامەی جەوان نووسیویەتی: "سەردانی سەرۆك كۆمار بۆ وڵاتانی ئیتالیا و فەرەنسا لەگەڵ زیاتر لە 100 چالاكی ئابووریی، سەرەنجام كۆتاییھات، ئێستا پێیانوایە لە ئاستی نیودەوڵەتیدا ئەوە ھەنگاوێكی گرنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ئەوە ئیتالیا و فەرەنسان كە قازانجی گەورەیان كردووە".
پارێزەری مافی خەڵك یان بەرژەوەندیی دەسەڵات
لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا رەخنە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران گیراوە و نووسەر دەڵێ: "ئەوان شانازی بە خۆیان دەکەن، گۆیا پارێزەری مافی ھاووڵاتیانن و بە مەبەستی چارەكردنی گرفتی خەڵك چوونەتە ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام ھەر لەگەڵ دانیشتنیان لەسەر كورسی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بیریان دەچێتەوە چۆن گەیشتوونەتە ئەو شوێنە و بە جێی ئەوەی پارێزەری مافی ھاووڵاتیان بن، دەبنە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات".