سنە: ھەر بەڕێوبەرێكی پەروەردە شوێنی خۆی بە ژن بدات، خەڵات دەكرێت

بەڕێوبەرانی پەروەردەی شارەكانی سەقز و مەریوان ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو داوایە دەربڕی

K24 – سنە:

بەرێوبەری ناوەندی پلاندانانی پارێزگای سنە، بەھرام نەسروڵایی گوتی: "ھەر بەڕێوبەرێكی پەروەردە دەستلەكار بكێشێتەوە و شوێنی خۆی بە ژنێك بدات، خەڵات دەكرێت، بەڵام ئەو بڕیارە لە تاران كاردانەوەی لێكەوتەوە".

نەسروڵایی لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگای سنە گوتی: "لە بەر ئەوەی ژنانی پسپۆر لە بواری پەروەردەدا وردتر دەتوانن ئەركی پەروەردە بە ئەستۆ بگرن، ئەگەر ئەو پۆستە بۆ ژن بێت، كەرتی پەروەردە زیاتر پێش دەكەوێت".

بەرێوبەری ناوەندی پلاندانانی پارێزگای سنە ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر بەڕێوبەرێك دەستلەكار بكێشێتەوە و شوێنەكەی بۆ ژنێك چۆڵ بكات، خەڵات دەكرێت".

دوا بە دوای ئەو گوتەیەی نەسروڵایی، بەڕێوبەرانی پەروەردەی شارەكانی سەقز و مەریوان ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو داوایە دەربڕی، بەڵام ئەو بڕیارە كاردانەوەی باڵی پارێزگارانی ئێرانی لێكەوتەوە.

میدیاكانی سەر بە پارێزگارانی ئێران ئەو بڕیارەیان بە "سەیر و سەمەرەترین" بڕیاری مێژوو وەسف كردووە و لەسەر ئەو بڕوایەن ئەوە بڕیارێكی "مەبەستدار و سیاسییە".

ئاژانسی فارس نیوز بڵاویكردووەتەوە: "ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە سەر بە باڵێكی سیاسی دیاریكراوە و ئێستا كە لە وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، بەو بڕیارە دەیەوێت دەنگەكانی كوردستان بەرەو ئاراستەیەكی دیاریكراو رابكێشێت".

بەڵام بەرێوبەری ناوەندی پلاندانانی پارێزگای سنە، لە وەڵامی پارێزگاران دا گوتی: "لە سەر ئەو گوتەیەیی خۆم سوورم و پێموایە لەو رێگایەوە قوتابیان باشتر دەتوانن فێری پرسیاركردن بن و ئەوەش تەنیا بە ژنانی پسپۆر دەكرێت".

شارەزایان لەسەر ئەو بڕوایەن ئەگەر ئەو بەڵێنە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنیش بێت، ژنانی رۆژھەڵاتی كوردستان بڕوا بە خۆبوونیان زیاد دەبێت و خۆیان بۆ وەرگرتنی پوستی بەڕێوەبەری ئامادە دەكەن.