"ئەمریكا پیلانی بۆ ھەڵبژاردنی ئێران داناوە"

رۆژنامەی شەرق: مخابن بۆ وەڵامی رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكان

K24- هەولێر

ھەڵبژاردنی داھاتوو و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر رەتكردنەوەی بەرفراوانی کاندیدانی ریفۆرمخوازان، بابەتی وتارە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی زۆربەی رۆژنامەكانی سەر بە ھەر دوو باڵی ریفۆرمخواز و پارێزگارانە لە ئێران.

لە درێژەی پرسی رەتکردنەوەی بەشداریکردنی كاندیدە ریفۆرمخوازەكان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، نووسەری سەروتاری ئەمڕۆی رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران نووسیویەتی: "ئەورووپاییەكان بەگشتیی و بە تایبەت ئەمریكا پیلانیان بۆ ھەڵبژاردنی ئێران داناوە و خوازیارن كورسییەكانی ئەنجوومەنی داھاتووی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ریفۆرمخوازەكان پڕ بێتەوە، بەڵام با ریفۆرمخوازان باش بزانن ئەمریكا و ئەوروپا دوای ھەڵبژاردن پەردە لەسەر گەمارۆ نوێییەكانیان لادەدەن".

نووسەر لە وتارەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر ئەنجوومەنی داھاتووی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجوومەنێكی شورشگێریی بێت، وەڵامێكی پر بە پێست بە ئەمریكییەكان دەداتەوە، ھاوشێوەی ئەوەی سوپای پاسداران بە سەربازەكانی ھێزی دەریایی ئەمریكایان كرد".

"ئەم دەمارگرژییە و توندڕەوییە چاوەڕوان نەدەكرا"

وتارێكی رۆژنامەی شەھروەند تایبەتە بە رەتكردنەوەی كاندیدەكانی بەرەی ریفۆرمخواز و تێیدا نووسراوە: "نارەزایەتی ریفۆرمخوازان لە جێی خۆیەتی، چونكە دەمارگرژیی و توندڕەوی ئەویش بەو رادەیە ھەرگیز چاوەروان نەدەكرا، بەمحاڵەشەوە ناكرێت بڵێین ریفۆرمخوازان بێ عەیبن".

بە بڕوای ئەو نووسەرە گەورەترین خاڵی خراپی كاری ریفۆرمخوازان ئەوەیە، سێبەری پرسە سیاسییەكانییان باڵی بەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكاندا كێشاوە و خەریكە بە تەواوی لەبیریان بچێتەوە".

"مخابن لە وەڵامێك بۆ رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكان"

نووسەری وتاری سەرەكیی رۆژنامەی ئێران، رەخنەی لە باڵی پارێزگاران دەگرێ و نووسیویەتی: "ئێستا كە ئێران دەستكەوتی گرنگی لە گۆرەپانی سیاسەتی دەرەكیدا بە دەستھێناوە، توندڕەوەكان ھەوڵدەدەن، رێكاری دیپلۆماتیكی حكوومەت لە چارەسەركردنی پرسی ناووكی و بنیادنانی پەیوەندیی دروست و سەردەمییانە لەگەڵ جیھانی دەرەوە بخەنە ژێر پرسیارەوە، رووحانی لە یەكەم ھەنگاودا سەرەڕای ئەو ھەمووە، نابەرپرسیارێتییەی توندڕەوەكان لە ناوخۆی وڵاتدا توانی پرۆسەی پڕ ھەوراز و نشێوی ناووكی بە ئەنجام بگەیەنێت".

نووسەر لە كۆتایی باسەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "تووندڕەوەكان لە ھەوڵی ئەوەدان تەشەنە بە ناكۆكییە ناوخۆییەكان بدەن و چانسی خۆیان بۆ پەرپێدانی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و دونیای عەرەب تاقی بكەنەوە، ئەویش تەنیا بەو ئاواتەی لە رەوتی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ناووكی گرفت دروست بكەن، بەڵام مخابن لە وەڵامێك بۆ رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكان".

لە وتارێكی رۆژنامەی شەرقدا نووسراوە: "لە پاڵ دوو دەستەواژەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئابووریی و سیاسیی كە سەرۆك كۆمار زۆرجار باسییان دەكات، سەرنجدان بە رێككەوتنی كولتووریش چ لە گۆشە نیگای گشتیی و چ لە رۆانینێكی رۆشنبیرانەوە بۆ چینە جۆراوجۆرە كۆمەڵایەتییەكان گرنگە".