عەلی باپیر: وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ریفراندۆمدا نین

"شاندی وڵاتانی رۆژئاوا ئامادەن بۆ ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان"

K24- هەولێر:

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی 10 وڵاتی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان سازیکرد، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی رایگەیاند وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ریفراندۆمدا نین.

عەلی باپیر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر سازیکرد، راشیگەیاند: "شاندی وڵاتانی رۆژئاوا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان لە قەیرانی ئابووریی و سیاسیدا".

ئەمڕۆ نوێنەر و كونسوڵی 10 وڵاتانی رۆژئاوا کە نوێنەران و کوسوڵانی (یەكێتی ئەوروپا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیتالیا) لە هەرێمی کوردستان لەخۆگرتبوو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونەوە و بڕیارە دواتر سەردانی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی کوردستان بكەن.

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی گوتیشی: "وڵاتانی رۆژئاوا لە ئێستادا لەگەڵ ریفراندۆمدا نین، بەڵام رەنگە لە كاتێكی دیكە ھەڵوێستی خۆیان بگۆڕن".

عەلی باپیر ئاماژەشی کرد: "ئەوان بە تەنگ بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ھەرێمی كوردستانەوەن و نوێنەری وڵاتان پێیان گوتین ئێمە ھاتووین لەگەڵ لایەنەكان دابنیشین و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت دانیشتوین و دووبارە دادەنیشین بۆ ئەوەی ھاوكاریتان بكەین بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە سیاسییە ناھەمووارە كە بە زیانی گەورەی خۆتان لە رووی ئەمنیی و ئابووریی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی نێوخۆتان تەواو دەبێت".

عەلی باپیر هەروەها گوتی: "من نازانم لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت چیان گوتووە و چی دەڵێن و چۆن دەتوانن ھاوكاریمان بكەن، بەڵام نوێنەرانی وڵاتان پێیان گوتین ئێمە وەكوو یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقداین و لە چوارچێوەی خاكی عێراق مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین".

ئەم گوتانەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی دوای کۆبوونەوەی مەسعوود بارزانیی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هات  لەگەڵ لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسەکان، بارزانیی لەم کۆبوونەوە رایگەیاند کە دەبێ: "ئامادەكاری بكەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان".

لە دواین دیمانەی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا گوتی: "لایەنە سیاسییەكان ھاوڕان لە بارەی ئەوەی كە سووریا و عێراق گۆڕانكاریی گەورەیان بە سەردا ھاتووە و دەوڵەتی كوردستان نزیكبووەتەوە و ئەمڕۆ دەوڵەتی كوردستان لە ھەموو كاتێك نزیكترە".

Fly Erbil Advertisment