10 هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ر له‌ ئه‌وروپا بێسه‌روشوێنن

گومان ده‌كرێت له‌لایه‌ن مافیاكانه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێك، له‌ وه‌ته‌ی په‌نابه‌رانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فه‌ریقا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا، زیاتر له‌ 10 هه‌زار منداڵ ونبوونه‌.

ئه‌و ئامار و زانیارییانه‌ش، له‌لایه‌ن ئاژانسى هه‌واڵگری یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌م باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌وان ترسییان هه‌یه‌ ئه‌و منداڵه‌ ونبووانه‌، بكه‌ونه‌ ده‌ستی چه‌ته‌ و مافیاكان و وه‌ك كۆیله‌ی سێكسی به‌كاربهێنرێن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، ته‌نها له‌ ئیتاڵیا زیاتر له‌ 5 هه‌زار منداڵ بوونه‌، زۆربه‌ی ئه‌و منداڵه‌ بێخاوه‌نانه‌ش له‌ سووریاوه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌.

حكوومه‌تی سوید له‌ راپۆرتێكدا, هه‌فته‌ی رابردوو بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ و هۆشداریش له‌ باره‌ی بێسه‌روشوێن بوونی ئه‌و منداڵانه‌ دراون، رۆژنامه‌ی "گاردیان"يش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا هیچ لایه‌نێك زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئایا دوای ونبوونی ئه‌و منداڵانه‌، چییان به‌سه‌ر دێت.

چاودێرانی په‌نابه‌ران له‌ به‌ریتانیاش رایانگه‌یاند، به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، هاتنی منداڵان بۆ ئه‌و وڵاته‌ دوو هێنده‌ زیادیكردووه‌ و ترسیشییان له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و منداڵانه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن مافیا و گرووپه‌ تاوانكارییه‌كان.

به‌رپرسێكیش له‌ ده‌زگای پۆلیسی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، ئه‌وان زانیارییان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك منداڵی په‌نابه‌ران، وه‌كو كۆیله‌ی سێكسی به‌كارهێنراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ هه‌ردوو وڵاتی ئه‌ڵمانیا و هه‌نگاریا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه‌ تاوانكارییانه‌ ده‌ستگیركراون.