ئه‌ڵمانیا په‌نابه‌ره ئه‌فغانییه‌كان ره‌وانه ده‌كاته‌وه
بڕیك پاره‌شیان پێ ده‌درێت

K24 - به‌رلین:
ئه‌ڵمانیا له هه‌وڵدایه په‌نابه‌ره ئه‌فغانییه‌كان ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌یان بكاته‌وه و وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیاش رایگه‌یاند، پێویست ناكات گه‌لی ئه‌فغانستان، به‌تایبه‌تیش گه‌نجه‌كانیان له‌پێناو ره‌وشێكی ئابووری باشتر وڵاته‌كه‌یان به‌جێ بهێڵن.
تۆماس دی میزییر، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2016، له‌كاتی سه‌ردانیدا بۆ كابوولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان گوتی: "ئه‌وانه‌ی بازرگانی به مرۆڤ و قاچاخی ده‌كه‌ن به هه‌شتێكی فیرده‌وسییان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان وێنا كردووه و ئێمه‌ش ئه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و ئه‌فغانییانه‌ی مافی په‌نابه‌رێتییان پێنه‌دراوه، ده‌توانن له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌یان بكرێنه‌وه و له‌به‌رامبه‌ردا بڕه پاره‌یه‌كیشیان پێده‌درێت.
به گوێره‌ی ئاماره فه‌رمییه‌كانی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به كۆچ و كۆچبه‌رانی ئه‌ڵمانیا، ساڵی رابردوو، زیاتر له 150 هه‌زار داواكاری مافی په‌نابه‌رێتی له‌لایه‌ن ئه‌فغانییه‌كانه‌وه تۆماركراوه و ئه‌مه‌ش به دووه‌م وڵات داده‌نرێت له دوای سوورییه‌كانه‌وه، كه داوای مافی په‌نابه‌رێتییان له ئه‌ڵمانیا كردووه.
به گوێره‌ی لێدوانی وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ش، داواكاری مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌ڵمانیا له ساڵی 2014، ته‌نها 9700 داواكاری بووه.