وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ھەڕەشە دەكات
كەسانی نەیارلە بەرەبەری نزیكبوونەوەی كاتی ھەڵبژاردن، 5 ملیۆن سیدی تۆمەت و بۆختانیان بڵاوكردووەتەوە.
K24 – تاران:
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، مەحموود عەلەوی، ھەڕەشەی لەو كەسانە كرد كە بە گوتەی خۆی "سیدی بوختان و تۆمەتی ناڕەوایان لە بارەی ھەڵبژاردن" بڵاوكردووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی فارس، عەلەوی رایگەیاند: "ئێمە تەنانەت ئاگاداری ژمارەی ئەو سیدیە دژە ئەخلاقیانەین كە نەیاران بەمەبەستی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەنێو ھاووڵاتیاندا بڵاویاندەكەنەوە".
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، گوتیشی: "كەسانی نەیارلە بەرەبەری نزیكبوونەوەی كاتی ھەڵبژاردن، 5 ملیۆن سیدی تۆمەت و بوختانیان بڵاوكردووەتەوە كە ھەمووی درۆن و دوورن لە راستی".
عەلەوی وێڕای ھۆشداریدان بەو كەسانەی ئەو سیدییانەیان بڵاوكردووەتەوە، گوتی: "بەتووندی رووبەڕوویان دەبینەوە".
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران باسی ناوەڕۆكی ئەو سیدیانەی نەكرد، كە دژی چ لایەنێك بڵاوكراونەتەوە.
تا ئێستا ھیچ ناوەند و سەرچاوەیەكی سەربەخۆ باسی لە بڵاوبوونەوەی ئەو سیدیانە نەكردووە.
بڵاوكردنەوەی سیدی دژی ریفۆرمخوازان لە خوولەكانی پێشووی ھەڵبژاردندا لە ئێران باوبووە، بەڵام بەرھەمھێنەرانی ئەو سیدیانە رووبەڕووی یاسا نەكراونەتەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ھاوكات لە 26ی شوباتی 2016 بەڕێوەبچێت.