رۆژنامه‌ى ئافتاب: لایەنە سیاسیەكانی ھەرێمی كوردستان كۆتاییان بە ناكۆكییەكانیان ھێنا

"لایەنە سیاسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە و كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان دێنن".

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بە بایەخەوە گوتەكانی دوێنێی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مسعوود بارزانیان باسكردووە، زیاتر جەختیان لەسەر ئەو بەشەی گوتەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كردووە كە باسی لە ھەندێك بەرپرسی ناوخۆیی و دەرەكی بەتایبەت بەرپرسانی ھەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە كردووە كە دژی چارەنووسی خەڵكی كوردستان بڕیار دەدەن و ريفراندۆم بە ناڕەوا دەزانن.

رۆژنامەی ئافتابی یەزد نووسیویەتی: "ئەو گوتانەی بارزانی لە كاتێكدایە كە پێشتر یەكێتی ئەورووپا رایگەیاندوو، لە ھەلومەرجەی ئیستادا گونجاو نییە ھەرێمی كوردستان رێفراندۆم ئەنجامبدات".

ھاوكات ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "لایەنە سیاسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە و كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان دێنن".

تا لە رۆژی ھەڵبژاردن نزیكدەبنەوە، ھەر دوو باڵی ریفۆرمخواز و پارێزگاران ھێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر تووندتر دەبێت، ھاوكات میانڕۆكانی ھۆشداری بە ھەر دوو لایەن دەدەن بەوەی زیادەڕۆی نەكەن، چونكە ئەگەری ھەیە رووداوی خراپی لێبكەوێتەوە.

"ھاشمی پێتان لەسەر ستۆپه‌كه‌ تووند داگرن"

لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا رۆژنامه‌كه‌ جەختی كردووەتەوە: "وڵات ئەمڕۆ پێویستی بە پاراستنی ھێمنییە و سیاسەت تەنیا لە كەشی ئارامدا توانای ژیانی ھەیە، نائارامی و پشێوی نه‌يارى ئازادییە، ئازادیش تاكە مەرجی سیاسەتكردنە. تەنگەژە سیاسیەكان، پێویستییان بە رێكاری سیاسیە ئەگینا تووندوتیژی بەرھەم دێنن".

ئەو نووسەرە لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەش دەخاتەڕوو: "رێكاری ناسیاسی دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی تووندوتیژی. لە پشت ده‌رگاكانی سیاسەتدا تەنیا تووندوتیژی چاوەڕێییە. ئاوی ھێوری ھەم بەستەڵەكەی سیاسەت دەتوێنێتەوە و ھەم ئاگری تووندوتیژیش دەكوژێنێتەوە".

گۆشەی تەنزی رۆژنامەی ئێران ئەمڕۆ تایبەتە بە لێدوانەكەی ھاشمی رەفسەنجانی سەبارەت بە حەسەن خومەینی و بەم شێوەیە ھەڵێدەسەنگێنێت: "جەنابی ھاشمی سڵاو، ماندوو نەبێت، تكایە پێتان لەسەر ستۆپه‌كه‌ داگرن. پێدەچێت ئێوە لەبیر چووبێتنەوە، سەیرە بەمحاڵەشەوە بەردەوام دەنگی خەڵكتان بەدەستھێناوە، سەیرە  یانی زمانم لاڵ یانی خەڵك شوناسی ئێوە ناناسن؟ دەی باشە ئەو پرسیارانە ھەڵدەگرین با مێژوو داوەرییان لەسەر بكات".  

ئا: له‌يلا قادر