رۆژنامەی ئارمان: بازاری تووندڕەوەكان گەرمە

نازانیین ئایا رەوتی پرۆسەكە بەو شێوەیەیە، یان دەیانەوێت كاندیدە قبووڵكراوەكان "سوپڕایز" بكەن، یانی كاندیدەكان بەیانی ھەر كە لە خەو ھەڵسان و تلێگرامەكەیان كردەوە، یەكەم ھەواڵ بۆ ئەوان قبووڵبوونیانە.

K24 – ھەولێر:

فشار خستنەسەر كاندیدی ریفۆرمخوازان و رێگەگرتن لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانیان، راگەیاندنی ناوی بەشێكی دیكە لە كاندیدە قبووڵكراوەكان و رەتكردنەوەی بەشێك لە كاندیدە قبووڵكراوەكان لە لایەن شورای نیگەھبانەوە و باسوخواس لەسەر رێژەی كەمی بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا، لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەكانی ئێراندا بەرجەستە بووە.

لە راپۆرتی سەرەكی رۆژنامەی ئارماندا نووسراوە: "ئەو رۆژانە بازاری تووندڕەوەكان گەرمە و لە رۆژە پڕفرۆشەكان بۆ ئەوان دێتە ھەژمار، تووندڕەوەكان ھێرش دەكەنە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە، ئەسپی خۆیان تاو دەدەن و شار بە شار دەگرێن و رێگری لە بەڕێوەچوونی كۆڕ و كۆبوونەوەی ریفۆرمخوازان دەكەن".

راپۆرتێكی رۆژنامەی قانوون تایبەتە بە رەتكردنەوە و قبووڵكردنی بەشێكی دیكە لە كاندیدەكانی شورای نیگەھبان و نووسیویەتی: "كاتژمێر چواری بەرەبەیانی دوێنی شەممە، پێڕستێك لە لایەن شورای نیگەھبانەوە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە. پێڕستێك كە چەندین ناوی نوێی لەخۆی گرتووە. ھەڵبەت سەرەڕای قبووڵبوونی بەشێك لە كاندیدە رەتكراوەكان، ئەمجارەیان بەشێك لە كاندیدە قبووڵكراوەكانێش رەتكراونەتەوە".

بە گوتەی ئەو نووسەرە: "ھەندێك لە میدیاكانی سەر بە پارێزگاران خۆیان واپێشاندەدەن، بە قبووڵكردنی چەند كەسایەتییەكی نزیك لە ریفۆرمخوازان، رەوتی كێبەركێی ئەو دوو باڵە ئاساییە و كێشەیەك لە ئارادا نەماوە، بەڵام بەمحاڵەشەوە كاندیدەكانی دوو لایەن بەیەكسانی دابەش نەبوون، ریفۆرمخوازان لە ھەندێك شاری ئێراند تەنانەت یەك كاندیدیشیان نییە".

سەبەتەی سەرجەم لایەنەكان پڕ بووە

مانشێتی راپۆرتی سەرەكی رۆژنامەی جەوان سەر بە پارێزگاران ئەمەیە: "سەبەتەی سەرجەم لایەنەكان پڕ بووە".

لە ناوەڕۆكی راپۆرتەكەدا ھاتووە: "ليژنەی ناوەندی چاودێری ھەڵبژاردن بە فەرمی رایگەیاند، بەشێكی بەرچاو لە كاندیدەكان قبووڵكران و سنووری 6 ھەزار كەسیان تێپەڕاند، ئێستاش ھەر وەكوو وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، كێبەركێی ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران گەرم دەبێت".

لە لاپەڕەی تەنزی بێ قانوونی رۆژنامەی قانووندا نووسراوە: "رۆژی رابردوو، گوتەبێژی ليژنەی چاودێری ھەڵبژاردن، سیامەك رەھپێك گوتی، ناوی قبووڵكراوەكان كاتژمێر چواری بەیانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە، ئەوەی كە ئەو ناوانە بۆچی كاتژمێر چواری بەرەبەیان رادەگەیەندرێت، روون نییە، نازانیین ئایا رەوتی پرۆسەكە بەو شێوەیەیە، یان دەیانەوێت كاندیدە قبووڵكراوەكان "سوپڕایز" بكەن، بەجۆرێك ھەر كە كاندیدەكان بەیانی لە خەو ھەڵسان و تلێگرامەكەیان كردەوە، یەكەم ھەواڵ بۆ ئەوان ، ھەواڵی قبووڵبوونیانە".

ژنانی ئێران بەردەوام چانسی خۆیان تاقی دەكەنەوە

سەروتاری رۆژنامەی ھەمدلی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە لە دونیای ئەمڕۆكەدا یەكێك لە پێویستیەكانی پێشكەوتن بوونی ژنانە لە ناوەندەكانی بەڕێوبەری و بڕیارداندا و نووسیویەتی: "بە چەندین ھۆكار لە ئێران ژنان بە كەمی لە ناوەندەكانی بڕیارداندا دەبێنرێن، ماوەی نزیك بە چوار دەیە دوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا یەك ژن توانیویەتی پلەی وەزیری وەربگرێت، ھەرچەندە كابینەی ریفۆرمخواز ھەوڵیدا گرنگی بە ژنان بدات، بەڵام ھیچ ژنێك نەیتوانی لەسەر كورسی وەزارەت دانیشێت".

نووسەر بەو شێوەیە درێژە بە باسەكە دەدات: "لەگەڵ گەرم بوونی تەندووری ھەڵبژاردن، كەشی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ژنان ھاندەدات، جارێكی دیكە چانسی خۆیان تاقی بكەنەوە، بەڵام ناوەندەكان رێگەیان پێنادەن و ھەوڵەكانیان دەكەنە بڵقی سەر ئاو، بۆ نموونە، ناوەندێكی وەكوو ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنانەت تاكە ئەندامێكی ژنی تێدا نییە. لە ماوەی 9 خوولی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە نێو 2598  نوێنەر تەنیا 80 ژن چانسی ئەندامێتی ئەو ئەنجوومەنەیان بەدەستھێناوە".