حزبوڵڵای عێراق: ناردنی هێزی عەرەبیی بۆ سووریا و عێراق دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە

سعودییە و ئیماراتی عەرەبیی پێشتر رایانگەیاند کە ئامادەن هێزی وشکانیی رەوانەی سووریا بکەن.

K24- هەولێر:

میلیشیای حزبوڵڵا کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە بەهێزەکانی شیعە لە عێراق و نزیکە لە ئێران هۆشداریدا لە ئەگەری ناردنی هێزی عەرەبیی بۆ سووریا و عێراق و رایگەیاند کە ئەو هەنگاوە "دەرگای دۆزەخ" دەکاتەوە.

میلیشیای حزبوڵڵای عێراق کە بەلانی کەم بە هەزاران چەکداری هەیە لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریدا لە ئەگەری ناردنی هێزی عەرەبیی بۆ سووریا و عێراق و رایگەیاند کە ئەو هەنگاوە "دەرگای دۆزەخ" دەکاتەوە، لە کاتێکدا سعودییە و ئیماراتی عەرەبیی پێشتر رایانگەیاند کە ئامادەن هێزی وشکانیی رەوانەی سووریا بکەن.

میلیشیای حزبوڵڵای عێراق گوتیشی: "شاکانی عەرەب چەتەکانی داعشیان تاقیکردەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانە خراپەکانیان لە عێراق و سووریا و شکستیان هێنا". و داوای لە "بنەماڵەی سعود" و ئەو "دەسەڵاتدارانەی کە پاڵپشتیان دەکەن، سەرکێشیی نەکەن و فێری وانە بن"، وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی سعودییە.

میلیشیای حزبوڵڵای عێراق لە لایەن ئەبو موهەندیس سەرکردایەتی دەکرێ، لە هەمان کاتدا ئەبو موهەندیس فەرماندەیی حەشدی شەعبیی شیعە دەکات لە عێراق و لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە رێگەی پێدراوە لە پاڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی داعش بجەنگێ.

بەپێی دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا و سعودییە چەند ساڵێکە چەکدارانی میلیشیای حزبوڵڵای عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی سووریا و رژێمی بەشاری ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەشدارن لە جەنگی سووریا کە نزیکەی پێنج ساڵە بەردەوامە.

لە چەند رۆژی رابردوو سعودییە و ئیماراتی عەرەبیی رایانگەیاند کە ئامادەن هێزی وشکانی رەوانەی سووریا بکەن بۆ هاوکاریکردن لە پاڵپشتیکردن و مەشقپێکردنی سەربازانی هاوپەیمانێتی سەربازیی و نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سووریا، بەو مەرجەی ئەمریکا سەرکردایەتی ئەم هەوڵانە بکات.

بەڵام لە وەڵامی سعودییە و ئیمارات، وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند کە: "دیمەشق رووبەڕووی هەموو دزەکردنێک بۆ نێو خاکی"، و گوتی: "دەستدرێژیکاران لە سندووقی تەختەدا دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان".

سەرچاوە: Reuters