حكوومەت لە بارەی بە مووچەی كارمەندان كۆدەبێتەوە
كۆبوونەوەیەكە تایبەتە و چەند كەسێك بەشداری تێدا دەكەن
K24 - ھەولێر:
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت تێیدا باس لە پێداچوونەوە بە مووچەی كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بنوسرێت بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیری ناوخۆ و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوە دەچێت".
ئاشكرای كرد: "لەو كۆبوونەوەیەدا نیگەرانی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ تاوتوێ دەكرێت و پرسی پێداچوونەوە بە سیستەمی نوێی مووچەی كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ باسی لێوە دەكرێت".
سەرچاوەكە گوتیشی: "كۆبوونەوەكە تایبەتە و ئەوەی تا ئێستا ئاشكرا كراوە ھەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی ھەرێم، رابەر سەدیق، بەرێوەبەری ژمێركاری وەزارەتی دارایی بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكەن".
ئەو كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ھەرێمی كوردستان، لە كاتێكدایە دوای راگەیاندنی سیستەمی نوێی مووچەی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی مووچەكانیان كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ لە سلێمانی بایكۆتی دەوامیانكرد.