فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی برادۆست بۆردومان دەکەن
"دوێنی شەویش بۆردوومانی ناوچە كوێستانییەكانی دەڤەری برادۆست كراوە، بەڵام ئەو ناوچانەی ئێستا چۆڵكراون ھۆكاری سەرەكیش بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیایە "
K24- سۆران:
جارێكی دیكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی كوێستانیان لە دەڤەری برادۆستی سنووری شارەدێی سیدەكان لە باشووری کوردستان بۆردوومانكردەوە.
كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی كوێستانیان لە دەڤەری برادۆستی سنووری شارەدێی سیدەكان بۆردومانكردەوە".
كاروان كەریم خان گوتیشی: "بۆردومانەكەی ئەمڕۆ ناوچەکانی گەلی موغار، گەرووی كەوەرتە، خنێرە، چیای بندێوانە، ئەرمووشە، كەوتوونەتەبەریان لە ناوچەی خواكوڕك گرتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانیان لێ نەكەوتووتەوە، تەنھا زیان بە ژینگەی ناوچەكە گەیشتووە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "دوێنی شەویش بۆردوومانی ناوچە كوێستانییەكانی دەڤەری برادۆست كراوە، بەڵام ئەو ناوچانەی ئێستا چۆڵكراون ھۆكاری سەرەكیش بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیایە، ساڵانی پێشووتر گوند و ھەوارگەكانی ھاوڵاتیانی لێی نیشتەجێبوون".
چەند ساڵێكە بە بیانوونی بوونی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە چەند ناوچەیەکی سنووری باشووری كوردستان، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان بۆردوومان دەکەن، جگە لە گەیاندنی زیانی ماددی بە ھاوڵاتیان و ژینگەی كوردستان، چەندین جاریش زیانی گیانی لێكەوتووەتەوە.