رۆیتەرز: رەنگە چاكسازییەكانی عەبادیی سەری خۆی بخوات
"گۆڕینی چەند وەزیرێك كە بە رێككەوتنی سیاسیی دانراون دەبێتە ھۆكاری ئەوەی عەبادیی پۆستەكەی لە دەستبدات"
K24 - ھەولێر:
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكیدا لە بارەی گۆڕانكارییەكانی حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوسیوویەتی رەنگە ئەو گۆڕانكاریانە سەری عەبادیی بخۆن.
ئاژانسەکە لەمبارەوە نووسیوێتی: "گۆڕینی چەند وەزیرێك كە بە رێككەوتنی سیاسیی دانراون، دەبێتە ھۆكاری ئەوەی عەبادیی پۆستەكەی لە دەستبدات".
چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانی عێراق قۆناغی دووەمی چاكسازییەكانی راگەیاند، كە تایبەتە بە گۆڕینی چەند وەزیرێکی نێو كابینەی حکوومەتەکەی و دانانی كەسانی شیاو لە شوێنیان، عەبادیی بۆ سەرخستنی پلانەكەی داوای ھاوكاریی و پشتیوانی لە پەرلەمانی عێراق كرد.
بەگوێرەی راپۆرتەكە: پێچەوانەی پلانی دووەمی عەبادیی بۆ چاكسازیی باس لە گۆڕینی خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت.
رۆیتەرز لە زاری سامی عەسكەریی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەڵێ: "ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لە سەر گۆڕانكارییەكانی عەبادیی رێككنەون، حەیدەر عەبادیی بەتەنیا ناتوانێ ھیچ كارێك بكات".
ھەروەھا لە راپۆرتەكەدا ئاماژە كراوە، وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، گواستنەوە و سەرچاوە ئاوییەكان لەو وەزارەتانەن كە عەبادیی دەیەوێ گۆڕانكاریان تێدا بكات.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی لە مانگی هەشتی ساڵی 2015 قۆناغی یەكەمی چاكسازیی لە دەوڵەتی عێراقیی و پرۆسەی سیاسیی راگەیاند، کە تێیدا بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی پاسەوانە تایبەتەکانی بەرپرسانی باڵای عێراقی دا.
ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد