پۆڵه‌ندا به‌شداری له شه‌ڕی دژی داعش ده‌كات و داواكارییه‌كیشی له ناتۆ هه‌یه
"ئاستی به‌شداریكردنمان به‌نده به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ناتۆ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا"
K24 – هه‌ولێر:
ئانتۆنی ماچیرفیچ وه‌زیری به‌رگری پۆڵه‌ندا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌شداری له شه‌ڕی دژی داعش ده‌كات، ئاستی به‌شداریكردنیشیان به‌نده به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتییه‌كه.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له برۆكسل، ئانتۆنی ماچیرفیچ گوتی: "پۆڵه‌ندا به‌شداری له پڕۆسه سه‌ربازییه‌كانی دژی داعش ده‌كات، له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و به‌شداریكردنه‌شی له گفتوگۆكانی به‌رده‌وام ده‌بێت". ماچیرفیچ هیوای خواست: "ئه‌مریكا و ناتۆ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌رده‌وام بوونیان هه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی پۆڵه‌ندا و وڵاتانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بده‌ن".
وه‌زیری به‌رگری پۆڵه‌ندا روونیكرده‌وه: "له‌وانه‌یه پۆڵه‌ندا به ئه‌ركی چاودێریكردن و مه‌شقپێكردن، به‌شداری له شه‌ڕی دژی داعش بكات".
به گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی جیهان، پۆڵه‌ندا نیگه‌رانه له رووسیا كه له 2014 نیمچه دوورگه‌ی كرێمیای كرده به‌شێك له خاكی خۆی و پشتیوانیش له جوداخوازه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه پۆڵه‌ندا هیواخوازه له كۆنگره‌ی ناتۆ له ته‌ممووزی داهاتوو له وارسۆ، هاوپه‌یمانێتییه‌كه رازی بێت هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بكات.
له هه‌نگاوێكدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك كه بكرێته سه‌ر وڵاتانی به‌لكان یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، دوێنێ ناتۆ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پلانێك ده‌ربڕیوه، هێزه ئاسمانی و وشكانی و ده‌ریاییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی خێرا بڵاوبكاته‌وه بێ ئه‌وه‌ی پێویستییان به بنكه سه‌ربازییه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد هه‌بێت.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز+رۆژنامه‌ی حه‌یات
و: موحسین حوسێن