سى ئاى ئه‌ى: داعش چه‌ند جارێك چه‌كى كیمياوی به‌كارهێناوه
"سى ئاى ئه‌ى مه‌زه‌نده ده‌كات داعش ده‌توانێت بڕێكى كه‌م له كلۆرین و خه‌رده‌ل دروستبكات"
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا (سى ئاى ئه‌ى) ئاشكرایكرد, له گۆڕه‌پانى جه‌نگ داعش چه‌ند جارێك چه‌كى كیمیاوى به‌كارهێناوه.
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ بى بى سى, جۆن برینان به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا گوتى: "به مه‌زه‌نده‌ى سى ئاى ئه‌ى, داعش ده‌توانێت بڕێكى كه‌م له كلۆرین و خه‌رده‌ل دروستبكات".
له وه‌ڵامى پرسیارێكیشدا, ئایا داعش ده‌توانێت مادده‌ى كیمیاوى بگوازێته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ى عێراق و سووریا به‌كاریان بهێنێت, جۆن برینان گوتى: "له‌وانه‌یه ئه‌وه رووبدات".
له 7 تشرینى یه‌كه‌م2015 , وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه رایگه‌یاندبوو داعش له رێى بۆردومانكردنى پێشمه‌رگه به هاوه‌ن, له مانگى ئابى 2015 گازى ژه‌هراوى خه‌رده‌لى دژى پێشمه‌رگه به كارهێناوه, پێش ئه‌ویش له 17ى ئابى 2015 وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى سوید ماركۆت سترۆم رایگه‌یاندبوو: "ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانى گازى كیمیاوى ده‌یڵێت راسته، داعش گازى ژه‌هراوى دژى ئه‌وان له مه‌خموور-گوێڕ به‌كارهێناوه".
میدیاكانى سویدیش ئه‌وكات بڵاویانكردبوویه‌وه: "راهێنه‌رانى سه‌ربازى ئه‌ڵمانیا كه مه‌شق به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن, ئه‌وه‌یان دووپاتكردووه‌ته‌وه داعش گازى ژه‌هراوى دژى پێشمه‌رگه به‌كارهێناوه".
له‌لایه‌كى دیكه‌وه یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له رۆژئاواى كوردستان رایگه‌یاندبوو: "له كۆتاییه‌كانى حوزه‌یرانى 2015, داعش چه‌كى كیمیاوى له سووریا به‌كارهێناوه", روانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤیش ئه‌وه‌ى دووپاتكردبوویهوه.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان
و: موحسین حوسێن