ئێران ڤیدیۆی گریانی سەربازێكی ئەمه‌ریكی بڵاوكردەوە

ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی ئێران ده‌كات

K24 – ھەولێر:

كۆماری ئیسلامی ئێران، گرته‌ی ڤیدیۆیی گریانی سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكای بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ركرابوو، ئه‌مه‌ریكاش ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كات.

بە گوێرەی راپۆرتێكی كه‌ناڵی تەلەفزیۆنی "فاكس نیوز"، رۆژی پێنجشەممە ھاوكات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كوین ستیڤانز، گوتەبێژی ھێزی دەریایی ئەمریكا، سەبارەت بە دەستبەسەركردنی 10 سەربازی ئەمریكا لەلایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە و بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو سەربازانە گوتی: "دەستبەسەركردنی سەربازە ئەمریكییەكان لەلایەن ئێرانەوە، بە سووكایەتی دەزانێن و قبووڵی ناكەین".

ستیڤانز گوتیشی: "بەگوێرەی رێوشوێنی ھێزی دەریایی، پێویست بوو ئێران یارمەتی سەربازەكانی ئێمە بدات و كێشە تەكنییكییەكانی بۆ چارەسەر كردبان".

دەستبەسەركردنی 10 سەربازیی ھێزی دەریایی ئەمه‌ریكا, دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵ كە دوو كه‌شتی ھێزی دەریایی ئەمریكا سنووری ئاوی ئێرانیان بەزاند.

ھەر زوو ئەمه‌ریكا رایگەیاند: "ئەو رووداوە بە ھۆی كێشەی تەكنیكییەوە بووە"، ئێرانیش ئەو گوتەیەی بەرپرسانی ئەمه‌ریكاى پشتڕاست كردەوە.

ئەو كات تەلەڤزیۆنی ئێران چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەو سەربازە ئەمریكییانه‌ بڵاوكردەوە, كە كەوتبوونە سەر ئەژنۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جۆن كيری, لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، ھاوتایی ئێرانیيه‌كه‌ی، ناڕەزایەتی خۆی لەو كردەوەیەی ئێران دەربڕی.

ئەوە لە كاتێكدایە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، رۆژی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڤیدیۆیەكی لەو رووداوە بڵاوكردووەتەوە كە تێدا یەكێك لە سەربازە ئەمریكییەكان دەگری.

پێشتر شارەزایانی یاسای ئاوی ئێودەوڵەتی ئەمریكا، جەختیان لەسەر ئەوە كردبووەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستبەسەركردنی ئەو سەربازانە، یاسای نێودەوڵەتیی پێشێل كردووە.

وێڕای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی زیاتری لەو سەربازە ئەمریكییانە كردبوو، رێبەری كۆماری عەلی خامەنەئی, ئیسلامیی ئێران، بە بۆنەی دەستبەسەركردنی ئەو سەربازە ئەمریكییانە، میدالیای سەركەوتنی بە فەرماندەی ھێزی دەریایی ئێران بەخشی.

وەرگێرانی: لەیلا قادری