رەفسەنجانی سکاڵانامەیەك بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەنێرێت

"سەرەڕای کۆکردنەوەی لافتیەکانی ھەڵبژاردن، لاوانی لایەنگری رەفسەنجانیش بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکراون"

K24- ھەولێر:

ناوەندی بانگەشکردن بۆ هەڵبژاردن سەر بە ھاشمی رەفسەنجانیی لە دژی ئەو كەسانەی دروشم و لافیتە و پۆستەرەكانی رەفسەنجانییان لە شەقامەكانی شاری تاران كۆكردووەتەوە، سکاڵانامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران كرد.

لە سکاڵانامەکەی ناوەندی بانگەشەكردن بۆ ھەڵبژاردن سەر بە سەرۆكی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاشمی رەفسەنجانیدا ھاتووە: "داوای لێپرسینەوە لەوکەسانە ده‌كەین کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ھاوكات لەگەڵ ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لافیتە و دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردنی رەفسەنجانییان لە شەقامەکانی تاران کۆکردووەتەوە".

لە سكاڵانامەكەدا هاتووه‌: "سەرەرای کۆکردنەوەی لافتیەکانی ھەڵبژاردن، لاوانی لایەنگری رەفسەنجانیش بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کراون".

رۆژێک پێشتر، بەشێک لە میدیاكانی ئێرانی رایانگەیاند: "سەرجەم لافیتە یاساییەکانی هاشمی رەفسەنجانیی کە لە لایەن ناوەندی بانگەشەکردنی ھەڵبژاردنی سەر بە رەفسەنجانیی هەڵواسرابوون کۆکراونەتەوە".

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (ئیلنا)ی ئێران، ئەو لافیتانە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران کۆکراونەتەوە.

ھاشمی رەفسەنجانیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران و حەسەن رووحانیی، سەرۆك كۆماری ئێران، كاندیدی قبووڵكراون بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە شاری تاران لە ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتی میدیاكانی ئێران رەفسەنجانیی یەكەم رێكلامی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، شەوی ھەینیی رابردوو لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەكەی دەستپێكردووە و دەگوترێ رەفسەنجانیی لەو دیمانەیەدا ناوی ئەو كاندیدانەشی ئاشكرا كردووە كە خۆی پاڵپشتییان لێدەكات.

رەفسەنجانیی ناوی 46 كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئاشكرا كردووە كە خۆی پاڵپشتییان لێدەكات، لەو ژمارەیەش 16یان لە تاران و 30 کاندیدیشیان لە پارێزگاكانی دیكەی ئێرانن.

بۆ ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، 795 كەس لە سەرجەم ئێران  خۆیان كاندید كردبوو، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 161 كەسیان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە قبووڵ كراون.

ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 77 كورسی پێکهاتووە.

سەرچاوە: DW، وەرگێران: لەیلا قادریی