مانوێل ڤالس: دەبێ رووسیا ھێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی سڤیل رابگرێت

"فەرەنسا رێز لە بەرژەوەندییەكانی رووسیا دەگرێت، بەڵام دەبێ رووسیا خەڵكی سڤیل نەكاتە ئامانج"

K24- ھەولێر:

مانوێل ڤالس، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا لە دووەمین كۆنفرانسی میونشن بۆ سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رایگەیاند دەبێ رووسیا ھێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی سڤیل رابگرێت.

مانوێل ڤالس لە پانێڵێكی تایبەتدا لە کۆنفرانسەکە راشیگەیاند: "فەرەنسا رێز لە بەرژەوەندییەكانی رووسیا دەگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتیی سووریا رێڕەوی خۆی بگرێت و كۆتایی بە نەھامەتییەكانی ئەو وڵاتە بێت، دەبێ رووسیا ھێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی سڤیلی سووریا رابگرێت".

مانوێل ڤالس لە بارەی داھاتووی سیاسیی و ئابووریی ئەوروپا گوتی: "ئەگەر ئەوروپا بەرگریی لە پڕۆژەی خۆی نەكات لە ماوەی چەند ساڵی داھاتوودا لەناو دەچێت".

سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا ئاماژەشی کرد: "نامانەوێ نەوەی داھاتووی ئەوروپا كە لە ئاشتیی و خۆشگوزەرانیی گەورەبوونە، ئەو ژیانەیان لێ تێكبچێت".

ئەم وتانەی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا لە كاتێكدایە فەرەنسا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بە چەندین كێشەوە وەك قەیرانی كۆچبەران، ئابووریی ئەوروپا، ئاسایشی ئەوروپا، شەڕی تیرۆر سەرقاڵن.

مانوێل ڤالس لەسەر لێسەندنەوەی ناسنامە لە توندڕەوەكان سوربوون بۆ ئەوەی فەرەنسا بە رێگەی دەستوور ئەو كارەبكات، لە ماوەی رابردووشدا داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كردبوو، وڵاتانی ئەوروپا سنوورەكانیان توند بكەن و شەپۆڵی كۆچبەران راگرن.

سەرچاوە: لۆمۆند، ئا: شنۆ محەممەد