دوای ھەزار ساڵ پاپا و پاتریارکی رووسیا چاویان بە یەك دەكەوێت
کۆبوونەوەکەیان بۆ "فریاکەوتنی" مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

K24- ھەولێر:
دوای نزیكەی ھەزار ساڵ ھەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و پاتریارك كیریل، پاتریارکی مەسیحییە ئەرتەدۆکسەکانی رووسیا لە وڵاتی كوبا چاویان بەیەك كەوت و داوایان لە جیھان كرد كۆتایی بە توندوتیژییەكان بێنن.
لە دوای جیابوونەوەی هەردوو کڵێسە لە ساڵی 1054ی زایینیی بەهۆی دانپێنەنانی کڵێسەی رۆژهەڵات بە دەسەڵاتی کڵێسەی رۆژئاوا لە رۆما، ئەمە یەکەم دیدارە لە نێوان سەرۆکی کڵێسەی رۆژئاوا و سەرۆکی کڵێسەی رۆژهەڵات.
ھەریەك لە پاپا فرانسیس، سەرۆكی مەسیحییە كاتۆلیكەكانی جیھان و پاتریاك كیریل، سەرۆكی كلێسەی ئارتەدۆكسی رووسیا لە كوبا چاویان بەیەك كەوت، دوای دیدارەكەیان لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا خوازیاری یەكگرتنی ئەو دوو لقەی مەسییحیی بوون.
ھاوكات لە راگەیەندراوەکەدا پاپا فرانسیس و پاتریارك كیریل داوایان لە جیھان كرد کۆتایی بە توندوتیژییەكان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بێنن.
بەپێی ئامارەکان ژمارەی پەیڕەوکارانی ئایینی مەسیحیی كاتۆلیك لە جیھاندا یەك ملیار و 200 ملیۆن كەس دەبن، ھەروەھا ژمارەی پەیڕەوکارانی ئایینی مەسیحیی ئارتەدۆكسیی 250 ملیۆن كەس دەب، کە نزیكەی 165 ملیۆن كەسیان شوێنکەوتووی كلێسەی ئەرتەدۆكسی رووسیان لە جیھاندا.
سەرچاوە: یۆرۆ نیوز، ئا: شنۆ محەممەد