رۆژنامەی ئارمان: خەڵك متمانەی بە پارێزگارانی ئێران نەماوە

لاریجانیی: ھەندێك كەس تەنانەت بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن بە لیستی سەربەخۆش بە تاوان دەزانن

K24- ھەولێر:

كۆنگرەی ئاسایشی میونشن و پرسی سووریا و كێبەركێی لایەنەكانی ھەڵبژاردن و چەندین بابەتی دیكە لە رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێراندا تیشكیان خراوەتەسەر.

راپۆرتێكی رۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێران بە گرنگییەوە بارودۆخی قەیرانی سووریا و شەڕی پێنج ساڵەی ئەو وڵاتە و بڕیارەكانی كۆنگرەی میونشنی تایبەت بە سووریا خستووەتەڕوو و نووسیوێتی: "دوای پێنج ساڵ كاولكاریی و وێرانكاریی لە سووریا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەجدیی كار لەسەر ئەو پرسە دەكات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تازە بە تازە بۆیان دەركەوتووە قەیرانەكە زۆر قووڵە".

لە درێژەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی ئیتلاعاتدا ھاتووە: "پەسندكردنی پرۆژەیەكی تایبەت بە قەیرانی سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و بەرپرسیارێتی ئەو ئەنجوومەنە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و پابەندبوونیان یارمەتی چارەسەركردنی كێشەی سووریا دەكات".

ئەو رۆژنامەیە خاڵەكانی پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قەیرانی سووریا خستووەتەڕوو و دەڵێت: "پێویستە بە جدیی كار لەسەر ئەم سێ خاڵە بكرێت، یەكەم، بەستنی كۆنگرەیەك بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، دووەم، دانانی دەستوورێكی نوێی بنەڕەتیی بۆ سووریا و سێیەم، رێگەخۆشكردن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی لە سووریا و لە كۆتایشدا دیاریكردنی سەرۆك كۆمار بۆ ئەو وڵاتە".

"مارکسییەکان بیانوو لە حكوومەت دەگرن"

رۆژنامەی ئارمان نووسیوێتی: "پێشوازیی خەڵك و كەسایەتییە ناسراوەكان لە ھەڵبژاردن جێی دڵخۆشییە، چاوەڕوان دەكرا شورای نیگەھبان لە تاوتوێكردن و ھەڵسەنگاندنی فایلی كاندیدەكان بڕیاری گونجاو بدات".

لە باسەكەی رۆژنامەی ئاڕماندا ھاتووە: "ئەزموونی شكستھێنان لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی سەرۆك كۆماریی و ھاتنەسەركاری ئەحمەدی نژاد، بووە ھۆی نشستی ئێران و ئەم وڵاتەی لە ھەموو رووییەكە دواخست، دەبوایە ئەم پرسە ببێتە وانەیەکی باش بۆ پارێزگاران جا پێویستە باڵی تووندڕەوی پارێزگاران بە ئاكار و رەوشتی خۆیاندا بچنەوە".

نووسەری ئەم بابەتە لە درێژەی باسەكەیدا لە رۆژنامەی ئارمان ئامۆژگاریی باڵی پارێزگارانی ئێران دەكات و دەڵێ: "بەخۆتاندا بچنەوە، خەڵك متمانەی پێتان نەماوە، لێكۆڵێنەوە و شیكاریی ھەڵەكانتان بكەن و رێكاری نوێ و گونجاو بگرنەبەر و لەسەر بنەمای ئەو رێكارانە بەشداریی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بكەن".

رۆژنامەی ئێران لەسەر زاری سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی لاریجانیی دەڵێ: "ھەندێك كەس وەك بڵێی بەڵێنییانداوە، ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرجەم بڕیارەكانی حكوومەت دەربڕن، بۆ نموونە تەنانەت بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن بە لیستی سەربەخۆش بە تاوان دەزانن".

عەلی لاریجانیی ھەرچەندە خۆی سەر بە باڵی پارێزگارانی ئێرانە، بەڵام رەخنەی لە بیر و بیانووی پارێزگاران سەبارەت بە پرسی ناووكی دەگرێت و لەمبارەوە گوتی: "ئەو كەسانەی بیانوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی دژایەتی حكوومەت بكەن، پەیڕەوی ماركسیین".

رۆژنامەی ئەبرار لە زاری سەرۆكی ئەنجوومەنی ھێزەكانی رێبازی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەڵی خامەنەیی، ھادی خامەنەیی گوتی: "ئینقلابی ئێمە بە مانای وشە ئینقلابە، تەنانەت میدیاكارە بیانییەكان لە راپۆرتەكانیاندا ئەوەیان پشتڕاستكردووەتەوە، سەردمی ئینقلاب و رۆژەكانی سەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاكار و رەوشتی ئێرانییەكان ناوبانگی دەركردبوو، كاتێك دوو ئۆتۆمبێل تووشی رووداوی پێكدادان دەبوون، شۆفێرەكانیان دادەبەزین و یەكتریان ماچ دەكرد، دواتر گەردن ئازاییان لەیەكتر دەكرد".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی