کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بایكۆتی ھەڵبژاردنی ئێران دهكات
"داوا لە نەتەوەکانی ئێران دەکەین بە لەبەرچاگرتنی بەرژوەندییە درێژخایەنەکان بەشداری لەهەڵبژاردنی ئێراندا نەکەن".
K24 – ھەولێر:
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە راگەیاندراوێکدا داوا لەخەڵکی ئێران دەکەن بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئێراندا نەكەن، بە بڕوای ئەوان هەڵبژاردنێك كە ھەموو لایەنەكان نەتوانن تێیدا بەشداربن، نادیموکراتیيە.
لە راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵدا ھاتووە: "ھەڵبژاردنێك ھەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار نەبن، خەڵك بەشداری تێدا نەكەن باشترە و بەمەش خزمەتی زیاتر بەداھاتووی ئێران دەكەن".
كۆپییەك لە راگەیەندراوەكەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ کوردستان ٢٤ نێردراوە و تێیدا گوتەكانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەیی وەبیر خەڵکی ئێران دێنەوە كە گوتبووی: "ئەوانەی نیزامیشیان قبووڵ نییە، با دەنگ بدەن، بەڵام بۆیان نییە بچنە ناو ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە".
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێیوایە دەبێ هەڵومەرجی وەك یەك بۆ خۆكاندیدكردن و بانگەشەکردن بۆ هەموو تاکێکی ئێرانی هەبێت و ھاوكات کاندید و دەنگدەرانیش بتوانن لە کەشێکی ئارامدا رای خۆیان دەربڕن.
هەروەھا لە راگەیەنراوەكەیان ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "داوا لە نەتەوەکانی ئێران دەکەین بە لەبەرچاگرتنی بەرژوەندییە درێژخایەنەکان بەشداری لەهەڵبژاردنی ئێراندا نەکەن".
لە كۆتایی راگەیاندراوەكەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵدا ھاتووە: "بەشداری لە ھەڵبژاردن و چوونە سەر سندووقی دەنگدان دەبێتە ھۆی درێژ بوونەوەی تەمەنی بكوژانی ئازادی و یەكسانی و ئەوەش بەمانای پەرسەندنی زیاتری گەندەڵی سیاسیی، كۆمەڵایەتیی و ئیداری لە ئێران دێت، بۆیە داوا لەسەرجەم چین و تۆێژەكانی ئێران دەكەین بایكۆتی ھەڵبژاردن بكەن و نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان".
تا ئێستا چەندین حزب و لایەنی سیاسیی بایكوتی ھەڵبژادنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییان كردووە.
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ژمارهيهك پارتيى رۆژههڵات پێشتر بایكۆتی ھەڵبژاردنی ئێرانیان كردووە.
ئا: لەیلا قادريی