رۆژنامەی جەوان: دەستێوەردانی تورکیا لە سووریا كارەساتەكە قووڵتر دەكات
رۆژنامەی دونیای ئابووریی: سعودییە تیرەكانی لە تاریكیدا ھاویشتووە
K24- ھەولێر:
بڕیاری سعودییە و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە لەبارەی ناردنی ھێزی سەربازیی بۆ سووریا لە نێوان ھەواڵ و وتارەكانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران بووەتە جێی باسوخواسی بڵاوکراوەکانی ئەمڕۆی رۆژنامەكانی ئێران.
لە راپۆرتی سەرەكیی رۆژنامەی جەواندا (سەر بە پارێزگارانی ئێران)دا ھاتووە: "توركیا ھێزە كوردەكان لە سووریا بۆردمان دەكات، لە پارێزگای حەلەب ھێرش دەكاتە سەر ھێزەی سوپای سووریا و بەمەش ئاگری رق و قین لە سووریا زیاتر دەكات و كارەساتەكە قووڵتر دەكاتەوە".
سەبارەت بە سعودییە لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی جەواندا ھاتووە: "سعودییە فڕۆكە جەنگییەكانی لە ئینجەرلیك (فڕۆکەخانەی سەربازیی لە توركیا) جێگیر كردووە، سەرەرای ئەوەی باس لەوە دەكرێت ئوردن چەند یەكەیەكی سەربازیی بۆ سووریا ناردووە".
رۆژنامەی شەرق لەبارەی بارودۆخی سووریاوە نووسیوێتی: "بەمدواییانە سەركەوتنەكانی سوپای سووریا لە لایەك و ھێزی سووریای دیموكرات لە لایەكی دیكەوە، تیرۆریستانی داعشیان لە شكستی یەكجارەكی نزیك كردووەتەوە، بەڵام دیسان نابەرپرسیارێتی سعودییە و توركیا و دەستێوەردانی ناڕەوای ئەی دوو وڵاتە لە سووریا ھەموو ریسەكەی كردەوە بە خوریی و مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتانە زیاتر لە شانۆ دەچن".
"لەسەرخۆیی ئێران و هات وهاواری سعودییە"
سەروتاری رۆژنامەی دونیای ئابووریی تیشكی خستووەتە سەر پرسی سووریا و تێیدا ھاتووە: "سعودییە تیرەكانی لە تاریكیدا ھاوێشتووە، بەڵكوو یەك لەو تیرانە ئامانجەكەی بپێكێت، تا ئێستاش ریاز بە خستنەڕووی پڕۆژی نابەجێ و نالۆژیك دەیەوێ فشار بخاتەسەر ئەمریكا و رووسیا".
رۆژنامەکە دەشڵێ: "ئێران سەرجەم رێگەكانی تاقیكردووەتەوە، چونكە ئاگاداری بارودۆخی نالەباری سعودییەیە كە چۆن لە رووی دارایی و كەسایەتییەوە بارەكەی لە ناوچەكەدا لاركەوتووە و ھەرگیز بە ئەنجام ناگات".
رۆژنامەی كەیھان سەر بە پارێزگاران نووسیوێتی: "حكوومەت لە سێ مانگی رابردوودا بەتەمای چی بوو كە لەگەڵ ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی پێشوو نەیتوانی ئەنجامی بدات و ئێستا بەنیازە ئەنجوومەنێكی لایەنگر پێكبهێنێت؟".
ئەو رۆژنامەیە بەو شێوەیە درێژە بە باسەكەی دەدات: "پێدەچێت حكوومەت كێشەی یاسا و رێوشوێنی ھەبێت، رەنگە بۆشایی یاسایی دەستی حكوومەتەكەی رووحانیی بەستبێت كە ھیچ كارێكی بۆ خەڵك لەدەست نایەت، ئەوەتا كابینەكەی رووحانیی لە ناخی دڵەوە ئاواتەخوازە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و حكوومەت یەكدەست بكات".
رۆژنامەکە دەشڵێ: "باشە كە وایە با سەرۆك كۆمار وەڵام بداتەوە تا ئێستا چ پڕۆژەیەكی كاریگەری پێشكەشكردووە كە نوێنەرانی خەڵك (ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران) لە ئەنجوومەن رەتیانكردبێتەوە؟".
ھەنگاوی كردەیی و ئەرێنیی واتا چی؟
رۆژنامەی ئیعتماد لەبارەی ئەو كەسانەی كە پێیانوایە كابینەی رووحانیی ھیچی نەكردووە نووسیوێتی: "كابینەی یازدەیەم لە خراپترین بارودۆخی ئابوورییدا نەك ھەر نەیھێشت سستبوونە مەترسیدارەكەی كابینەكەی پێش خۆی كە لە دەست پارێزگاراندا بوو پەرە بسێنێت، بەڵكوو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا توانی بیگەیەنێتە 10%، ئەوەش ھەنگاوێكی زۆر گرنگە و جێی دەستخۆشییە".
"با هەموومان سەرمان سووڕ بمێنێت"
گۆشەی تەنزی رۆژنامەی ئێران نووسیوێتی: "لەو رۆژانەدا وڵات لە كەشی ھەڵبژاردندا گیریخواردووە، دەی پەیوەندیی بە ئێمەوە چییە؟ عەلی لاریجانیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، من سەرم لەو كەسانە سوورماوە كە رێككەوتنی ناووكی بە خەیانەت دەزانن. ئێمەش سەرمان لە لاریجانیی سوورماوە كە بۆ ئێستا سەری سوور دەمێنێت".
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ: "خۆ خەڵكی ئێران لە تەمەنێكی دیارێكراودا ئیتر سەریان سوور نامێنێت و ھەوڵدەدەن باشتر چاو بگێرن و زیاتر كەیف بكەن. ئەوەتا ئێستا ھەر ئەو لاریجانییە پارێزگاران بۆ خۆكاندیدكردنی لە لیستی شاری قومدا جێیان نەكردەوە، ئەگەر 15 ساڵ بەر لە ئێستا ئەم ھەواڵەم بە كەسێك راگەیەندبا، تەزوو بەلەشیدا دەھات، ئێستا ھەر بە خەیاڵیشیاندا نایەت".
ئامادەکردنی: لەیلا قادریی