داواى كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم ده‌كرێت

هێشتا كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیوەی تەمەنی بەڕێ نەكردووە قەیرانە یەك لە دوا یەكەكان بەرۆكی بەرنادەن.

K24 – هه‌ولێر:

هێشتا كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیوەی تەمەنی بەڕێ نەكردووە قەیرانە یەك لە دوا یەكەكان بەرۆكی بەرنادەن.

لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەماندا لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەدابوون ئەو كابینەیە بنكە فراوان بێت بۆیە لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ پێكهێنرا.

له‌ ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیازی بچووكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى ساماڵ سه‌ردار، ئه‌ندامى جڤاتى گۆڕان باسيكرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە چارەسەری قەیرانەكان بكەن، بەڵام بەر لەو هەنگاوە داوای گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی دەكات.

یەكێتی لە ماوەی 24 ساڵدا هاوشانی پارتی بەشداری كابینە یەك لە دوا یەكەكانی حكوومەتی كردووە. ئێستا پێشنیازی یەكگرتنی ژمارەیەك وەزارەت دەكات و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسيى يه‌كێتيى نيشتيمانى كوردستان، بە لایەنە سیاسیەكان دەڵێت دوو وەزیری كارا باشترن لە 6 وەزیری بێ ئیش بۆیە دەبێت بچووكردنەوەی حكوومەت بۆ رازیكردنی لایەنەكان نەبێت، بەڵكوو بۆ چارەسەر بێت.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى پارتيى ديموكراتيى كوردستان دەڵێت با لایەنە سیاسییەكان بیر لە چارەسەرێكی نیشتیمانی بكەنەوە بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەكان.

رۆژی 18ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2014،  پەرلەمان متمانەی دایە كابینەی هەشتەم كە خۆی لە 19 وەزارەت و 21 وەزیر دەبینێتەوە، بەڵام په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ كۆتايى راپۆرته‌كه‌يدا ده‌ڵێت: پێدەچێت قەیرانەكان حكوومەتە بنكە فراوانەكە بچووك بكاته‌وه‌.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b4868d3e-315a-4589-8296-f9ec9934548c/bchwkrdnawae%20hkumat.ism/manifest