ئامه‌د.. داواى رزگاكردنى ئۆجه‌لان ده‌كرێت
له‌شاری ئامه‌دى باكووری كوردستان، یادی حه‌ڤده‌مین ساڵیادی ده‌ستگیركردنی سەرۆكی پارتى كرێكارانى كوردستان، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به خۆپێشاندان و رێپێوان كرایه‌وه

K24 – ئامه‌د:
له‌شاری ئامه‌دى باكووری كوردستان، یادی حه‌ڤده‌مین ساڵیادی ده‌ستگیركردنی سەرۆكی پارتى كرێكارانى كوردستان، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به خۆپێشاندان و رێپێوان كرایه‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منييه‌كان توركیاوه رێ‌یان لێ‌گیرا و دواتر توندوتیژی درووست بوو.
له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ردوو پارتی هه‌ده‌په و ده‌به‌په، خۆپێشاندانێك له ناوچه‌ی باگلاری سه‌ر به شاری ئامه‌د سازكرا.
له‌و خۆپيشاندانهدا ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی ئه‌و دوو پارته به‌شداریان كرد، به توندی زیندانیكردنی ئۆجه‌لانیان له دورگه‌ی ئیمراڵی له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه ئیدانە كرد.
له به‌یاننامه‌ی خۆپێشاندانهكهشدا راگه‌یه‌ندرا، ئه‌وان له‌سه‌ر چالاكیيهكانیان به‌رده‌وام ده‌بن، تا ئه‌و كاته‌ی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان رزگار ده‌كرێت.
دوای خۆپێشاندانه‌كه‌ش، خۆپيشانده‌ران به‌نیاز بوون رێپێوان بكەن، به‌ڵام هێزه ئه‌منييه‌كانى توركیا به ئاوپڕژێن و گازی فرمێسك‌ڕێژ رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و بڵاوه‌یان پێكردن.
ئۆجه‌لان دامه‌زرێنه‌رى پارتيى كرێكارانى كوردستان و ههڵگيرسێنهرى شه‌ڕى چه‌كدارييه له توركيا به مه‌به‌ستى ده‌ستخستنى مافه‌كانى كورد.
پارتى كرێكارانيى كوردستان (PKK)، له 1979 له لايه‌ن ژماره‌يه‌ك گه‌نجى كورده‌وه به سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، دامه‌زراوه و له 15ى ئاب/ته‌باخى 1984 شۆڕشى چه‌كدارى دژ به سوپاى توركيا راگه‌ياندووه.
له سه‌ره‌تاى ده‌ست پێ كردنى شه‌ڕه‌وه تا ئێستا زياتر له 35 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.
له 15ى شوباتى 1999 رێبه‌رى ئه‌و پارته، عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، له پرۆسه‌يه‌كى هه‌واڵگرييانه‌دا، له كينيا ده‌ستگيركرا و به فڕۆكه‌يه‌كى تايبه‌تى توركيا له لايه‌ن رفێنه‌ره‌كانييه‌وه گواسترايه‌وه بۆ ئه‌نقه‌ره.
له سه‌ره‌تاى ده‌ستگيركردنييدا، حكومه‌تى توركيا ئۆج ئالانى راده‌ستى دادگا كرد و له لايه‌ن دادگاى ئه‌و وڵاته‌وه به سزاى له سێداره‌دان مه‌حكوم كرا.
يه‌كێتى ئه‌وروپا و رێكخراوه مرۆيى و دادوه‌رييه‌كانى جيهان دادگاى توركيايان ناچار كرد، هه‌موارى سزاى له‌سێداره‌دانه‌كه بكات و سزاكه‌ى بۆ زيندانى هه‌تا هه‌تايى بگۆڕێت.
داڕشتنه‌وه:ئ.هـ