هه‌ولێر.. له خۆپيشاندانێكدا داواى رزگارى بۆ ئۆجه‌لان كرا
ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك له لایه‌نگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه له یادی حهڤدەیەمین ساڵه‌ی ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، كۆبوونەوە.

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك له لایه‌نگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه له یادی حهڤدەیەمین ساڵه‌ی ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، كۆبوونەوە.
به‌شداربووانى خۆپيشاندانه‌كه، به وتنه‌وه‌ی دروشمی جیاجیا داوای ئازادییان بۆ ئۆجه‌لان كرد.
ئه‌وان داواشیانكرد شوێنی زيندانيكردنى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له زيندانى دابڕاوى دوورگه‌ى ئیمرالییه‌وه بۆ شوێنێكی ديكه بگوازرێته‌وه.
ھەر لەوێدا چەند لایه‌نێكی سیاسی باشووری كوردستان وتاری خۆیان پێشكه‌شكرد.
پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانیش پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی توندیان بۆ پارێزگاریكردن له باڵەخانه‌ی كونسڵخانه‌ی توركیا دروستكرد و بۆ يهكهمجاريش ته‌لى دڕكاوويان وه‌ك به‌ربه‌ستى ئه‌منيى بۆ پاراستنى ره‌وشى ئه‌منيى كونسوڵخانه‌كه به‌كارهێنا.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كوردستان 24، له سه‌روبه‌ندى خۆپيشاندانهكهدا، بۆ ماوه‌یه‌ك باڵاخانهى كونسوڵخانه‌كه چۆڵكرا.
ئۆجه‌لان دامه‌زرێنه‌رى پارتيى كرێكارانى كوردستان و ههڵگيرسێنهرى شه‌ڕى چه‌كدارييه له توركيا به مه‌به‌ستى ده‌ستخستنى مافه‌كانى كورد.
پارتى كرێكارانيى كوردستان (PKK)، له 1979 له لايه‌ن ژماره‌يه‌ك گه‌نجى كورده‌وه به سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، دامه‌زراوه و له 15ى ئاب/ته‌باخى 1984 شۆڕشى چه‌كدارى دژ به سوپاى توركيا راگه‌ياندووه.
له سه‌ره‌تاى ده‌ست پێ كردنى شه‌ڕه‌وه تا ئێستا زياتر له 35 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.
له 15ى شوباتى 1999 رێبه‌رى ئه‌و پارته، عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، له پرۆسه‌يه‌كى هه‌واڵگرييانه‌دا، له كينيا ده‌ستگيركرا و به فڕۆكه‌يه‌كى تايبه‌تى توركيا له لايه‌ن رفێنه‌ره‌كانييه‌وه گواسترايه‌وه بۆ ئه‌نقه‌ره.
له سه‌ره‌تاى ده‌ستگيركردنييدا، حكومه‌تى توركيا ئۆج ئالانى راده‌ستى دادگا كرد و له لايه‌ن دادگاى ئه‌و وڵاته‌وه به سزاى له سێداره‌دان مه‌حكوم كرا.
يه‌كێتى ئه‌وروپا و رێكخراوه مرۆيى و دادوه‌رييه‌كانى جيهان دادگاى توركيايان ناچار كرد، هه‌موارى سزاى له‌سێداره‌دانه‌كه بكات و سزاكه‌ى بۆ زيندانى هه‌تا هه‌تايى بگۆڕێت.
داڕشتنه‌وه:ئ.هـ