داوودئۆغڵۆ: له‌ جه‌نگی سووریا خۆمان به‌ دوور ده‌گرین

"توركیا رێككاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر"

K24 ـ ئه‌نقه‌ره‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، رایگه‌یاند، بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جه‌نگی سووریا، توركیا رێكاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر و خۆی به‌ دوور ده‌گرێ.

له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێك بۆ ئه‌ندامانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ رایگه‌یاند: " بۆ خۆ دوورگرتن له‌ جه‌نگی سووریا، توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدانی رێككاری پێویست".

له‌ دوو رۆژی رابردوودا سوپای توركیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یەپەگە)ی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد و داوای كشانه‌وه‌ی هێزەکانی یەپەگەی کرد لەو ناوچانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوون‌ كه‌ پێشتر له‌ ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیونی سووریادا بوونه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە، گوتەبێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جۆن كێربی، داوای له‌ حكوومه‌تی توركیا كرد‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان لە سووریا رابگرێت.

‌پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ، بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی لە لایەن سوپای تورکیاوە بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ "ئه‌و هێزانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن‌ بۆ سه‌ر توركیا".

پێشتر سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی به‌ تیرۆریست ناوبرد و داوای له‌ ئه‌مریكا كرد هه‌ڵوێستی خۆی روونبكاته‌وه‌ ئایا توركیا یان یەپەگە هه‌ڵده‌بژێرێ.

سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز، ئا: نیزام فه‌یسه‌ڵ