ئه‌ردۆغان: ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره له كرده‌وه‌كانی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده ده‌چێت
"14 كه‌س كه گومانیان لێده‌كرێت ده‌ستیان له‌و ته‌قینه‌وه‌دا هەبێ، ده‌ستگیركراون"
K24 – هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ده‌رباره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شەوی رابردوو لە ئه‌نقه‌ره، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی گرێدا و رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه له كرده‌وه‌كانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (په‌یه‌ده) ده‌چێت.
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا كه له ئه‌نقه‌ره گرێیدا، ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان گوتی: "ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره دڵته‌نگی كردین، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ش له كرده‌وه‌كانی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده ده‌چێت".
ئه‌ردۆغان زیاتر گوتی: "14 كه‌س كه گومانیان لێده‌كرێت ده‌ستیان له‌و ته‌قینه‌وه‌دا هەبێ، ده‌ستگیركراون"، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "پێویسته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌وه تێبگات ئێمه له‌سه‌ر حه‌قین".
"توركیا ده‌یه‌وێت بیانوێك بدۆزێته‌وه هێرشبكاته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان"
لای خۆیه‌وه ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە رێگەی (کوردستان24) وەڵامی سەرۆک وەزیرانی تورکیای دایەوە کە ئەمڕۆ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی دوێنێ شەوی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا تۆمەتبار کرد، و ئەو تۆمەتانەی سەرۆک وەزیرانی تورکیای رەتکردەوە.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (كوردستان24) ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) وەڵامی گوتەكانی داوودئۆغڵوی دایەوە و رایگەیاند: "داوودئۆغڵو لە خەیاڵی خۆیەوە ئەو جۆرە قسانە دەكات، ئەو خۆكوژەی ئەو گوتی، ئەندامی یەپەگەیە دوور و نزیك نایناسین، ئەو شتانەی دەیڵێن ھیچی راست نین، ھەموو كەس دەزانێت ئامانجیان لەو قسانە چیە".
ساڵح موسلیم، گوتیشی: "توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ھێرشكردنە سەر رۆژئاوا و ھەفتەیەكە ھێرەشەكانیان نەوەستاندوە، ئێستا ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژئاوا بەرەو پێشدەكەون و داعش و بەرەی نوسرە لە شكستدان، ئیتر بەرگە ناگرن و دەیانەوێت بیانوێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان".
ھاوسەرۆكی پەیەدە جەختیكردەوە ئەو تەقینەوانە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و كێشەی ناوخۆیی توركیایە و گوتی: "ئەو كەسە ناناسین بۆیە داوا دەكەین لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە و ناسنامەی خۆكوژەكە بكرێت، بە بڕوای من ئەو تەقینەوانە پەیوەندی بە كێشەی ناوخۆییەكانی توركیاوە ھەیە، ھیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نییە".
موسلیم، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە دژ بە تیرۆریزم شەڕ دەكەین توركیا ھیچ مافێكی نییە دەست بخاتە ناوخۆیی سووریا، ئەوە بۆ توركیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كارێكی باش نییە".
لە بارەی ھەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر بە ھێرش و بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ساڵح موسلیم، گوتی: "بێگومان پەیوەندی ھێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەمریكا و ھێزە نێودەوڵەتیەكان باشە، بۆیە باوەڕ ناكەم دەستدرێژی توركیا بۆ سەر ھێزەكانی سووریای دیموكرات قبوڵ بكات".
ئا: موحسین حوسێن