سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا ئیجابی بوو
خالید شوانی
K24 - ھەولێر:
وتەبێژی سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئەرێنی بوو، گرنگە ئەو سەردانانە دووبارە ببنەوە و شاندی بەغداش سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات.
لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی (كوردستان24) خالید شوانی، وتەبێژی سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: "وەك سەرۆكایەتی كۆمار دەست خۆشی لە شاندی ھەرێم و بەغدا دەكەین سەردانەكەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا بە ھەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەمدەدەین، گرنگە ئەو سەردانانە ھەم دووبارە بێتەوە و ھەم سەردانی شاندی حكوومەتی بەغداش بۆ ھەرێمی كوردستان ھەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەو كێشانەی تا ئێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، كە ھەردوولا گلەیی و تێبینیان لە یەكتر ھەیە لە سەر مێزی گفتوگۆ باسی بكەن، لە بەرامبەریشدا سەرۆكایەتی كۆمار بەپێی ئەو سەنگو قورسایەی كە ھەیەتی لە رووی سیاسی و دەستووریەوە ھەوڵبدات حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی ناوەندی لێك نزیك بكاتەوە، بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان كە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ھەردوولا".
گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونی ئەم كابینەی حكوومەتی بەغدا كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، چەند رێكەوتنێكی لە رووی سەربازی و داراییەوە واژوو كردووە، ھەنێكیان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە ھەندێكی دیكە گلەیی و تێبینیان لەسەر ھەیە، لە ماوەی رابردوودا بەردەوام سەرۆك كۆمار لەو رووەوە ھەوڵیداوە ھەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بۆ ئەوەی ئەو گلەیانەی لە یەكتر ھەیانە بڕەوێتەوە".
ھەر لەسەر ئەو تەوەرە عەبدولكهریم خەسرۆ، مامۆستای زانكۆ یەكێكی دیكە بوو لە بەشداربووانی بەرنامەی باسی رۆژ ئەو گوتی: "لە سەرەتاوە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا سیاسیی بووە و بەردەوامیش بوون، وەك كێشەكانی مەلەفی ناوچە جێناكۆكەكان و بوونی ھێزی پێشمەرگە بەشێك سیستەمی لە وەزارەتی بەرگری لە عێراق، پێویست بوو ھەرێمی كوردستان سەربەخۆی دارایی وەك گوشارێك دژ بە حكوومەتی ناوەندی بەكاری بێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد تا ئێستا كۆمەڵێك بەرژەوەندی و مەلەفی ورد ھەن، لە نێوان حكوومەتی ھەرێم و ناوەند كۆیان دەكاتەوە، بەڵام پێم وانیە بە كۆبوونەوەیەك بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، لە كاتێكدا قۆناغی گونجاوتر ھەبوو بۆ رێككەوتن بە تایبەتی قۆناغی پێش ھاتنی داعش".
موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە ستۆدیۆی (كوردستان 24) لە دھۆك بەشداری لە كۆبوونەوەكە كرد و گوتی: "ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق چوون و ھاتن لە نێوان ھەردوولا شتێكی سەیرنییە، تەنانەت ئەگەر ھەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆش دەبێ ئەو دانوستاندنانە تا چەند ساڵێك لەگەڵ بەغدا ھەبێت، ئەو كێشانەی نێوان ھەرێم و بەغدا گەورەن و بە ئەسانی چارەسەر نابن".