حكومه‌تى هه‌رێم دژى لێدوانى به‌رپرسانى په‌كه‌كه‌ هاته‌ ده‌نگ

حكومه‌تى هه‌رێم ئيدانه‌ى لێدوانى به‌رپرسانى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دژى لێدوانى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان هاته‌ ده‌نگ، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى رێگرتن له‌ هه‌نارده‌كردنى گازى سرووشتيى هه‌رێميان بۆ توركيا كردبوو.

له‌و باره‌يه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێم، راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا هاتووه‌: "بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی پەکەکە دەکەین کە هەڕەشەی رێگریکردن لە گواستنەوەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ى تورکیاوه‌ ده‌كه‌ن".

حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى به‌ "دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان" وه‌سفكردووه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "هەر کارێک بۆ رێگریکردن لەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم دەچێتە خانەی دوژمنایەتیکردنێکی راستەوخۆی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە".

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌شدا، حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك سه‌ره‌تاى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، دووپاتيكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان هه‌ڵوێستى په‌كه‌كه‌ ئيدانه‌ ده‌كه‌ن و تێيدا هاتووه‌: "دووبارە بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی پەکەکە دەکەین".