رۆژنامەیەكی ئێران: 70 ریفۆرمخواز لە بەرامبەر 3 ھەزار پارێزگاردا ركابەریی دەكەن

رۆژنامەی كەیھان: حكوومەت سنوور ناناسێت و شەرمیش لە یاسا ناكات

K24 – ھەولێر:

شیكار و لێكدانەوە بۆ ژمارەی كەمیی كاندیدانی ژن و لیستی 70 كەسیی لە كاندیدانی ریفۆرمخواز لە بەرامبەر لیستی 3 ھەزار كاندیدی پارێزگاراندا بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران مژاری سەرەكیی بڵاوكراوەكانی ئەمڕۆی رۆژنامەكانی ئێرانن. ھاوكات ھەردوو باڵی ریفۆرمخوازان و پارێزگارانی ئێران ھێرشەكانیان بۆ سەر یەكدی چڕتركردووەتەوە.

گۆشەی سەرەكیی رۆژنامەی ئیعتماد تایبەتە بە لیستی كاندیدەكانی ھەر دوو باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان، نووسەر بەو شێوەیە لێكدانەوە بۆ باسەكە دەكات: "كاتێك چاوت بە لیستێكی 30 كەسیی بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردندا دەكەوێت كە رەنگە تەنانەت زۆربەی چالاكوانانی سیاسیی ھیچ كامیان نەناسن، لەسەر بنەمای چ لۆژیكێك دەتوانین دەنگیان پێبدەین؟ بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم روونی بكەمەوە كە ھۆكاری ئەوەی دەنگیان پێدەدەم چییە؟".

نووسەر دەڵێت: "با وایدابنێین زۆربەی ژنانی ئێران ھیچ كام لە ئەندامانی ئەو لیستە ناناسن، بەڵام خۆ بڕیاریش نییە بیانناسین؟ كاتێك بەربەست بۆ ژنان لە بواری سیاسییدا ھەیە و لە لایەكی دیكەشەوە كەسە ناسراوەكان رەتدەكرێنەوە، چارە چییە؟ ئەو كات یان دەبێ لە خێری ئەوانیش وەكوو كاندیدی ھەڵبژاردن بگوزەرێین یان پێویستە رێز لەو پێناسەیە بگرین كە كەسانی جێی موتمانە بۆ ئەو كاندیدانەی دەكەن. باشە كاتێك خوا كردیی و ھەڵبژێردران لە چوار ساڵی داھاتوودا باشتر دەیاناسین".

"حكوومەت سنوور ناناسێت "

رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگارانی ئێران وەكوو تاكە رۆژنامە كە بڕیاریداوە ھێرش نەكاتە سەر ھیچ كاندیدێكی ھەڵبژاردن لە ئێران نووسیوێتی: "سێ مانگی دیكەش لە تەمەنی كابینەی رووحانی تێپەڕی، بەڵام گوزارانی خەڵك ھەروا لەو پەڕی خراپیدایە، باری ئابووریی ھاووڵاتیان بەرەو خراپتربوون دەڕوات".

بە گوتەی ئەو رۆژنامەیە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیو بەسەر تەمەنی كابینەی یازدەیەم كە حكوومەت ھەموو خەم و دەمی رێككەوتنی ناووكی و گەیشتن بە پلەی ریشسپێتی بوو، ئێستاش ھەموو توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ببێتە براوەی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران".

ئەو رۆژنامەیە لە درێژەی باسەكەیدا دەڵێت: "گەلێك بەڵگە ھەیە كە روونی دەكاتەوە كابینەی یازدەیەم دەخوازێت سفرەی پاستۆر (وەرەقی قومارە) كەی لە بەھارستان رابخات، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی بەرپرسانی ئەو كابینەیە ھیچ سنوورێك نەناسن و شەرمیش لە ھیچ یاسایەك نەكەن و بە ئاشكرا درێژە بە بەرنامەكانیان بدەن. پرسیارەكە ئەوەیە ئەو حكوومەتە بەچ روویەك و بەچ ھیوایەك دەیەوێت بەشداریی لە ھەڵبژاردندا بكات؟".

رۆژنامەی سیاسەت رۆژ گوتاری كۆتایی ھەفتەی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی گواستووەتەوە كە گوتی: "میدیاكانی وڵاتانی دژبەری ئێران بەتایبەت بی بی سی لە ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی سەرۆك كۆماریدا ھەوڵیاندا ئاژاوەگێڕیی لە ئێران رێكبخەن و ماوەی چەند مانگێك مەرامەكەیان پێكا و دڵەڕاوكێیان خستە دڵی خەڵكی ئێرانەوە، بەڵام نەیانتوانی ئامانجەكانیان بپێكن و لە ھەڵبژاردنی دواتر ھیچیان پێنەكرا".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی