ناوەندی ئاماری ئیران: 20 هەزار منداڵی بێ ناسنامە لە خۆراسان ھەن

بەرپرسێكی ئێرانیی: هاوسەرگیریی ژنی ئێرانیی لەگەڵ پیاوی بیانیی لە دەرەوەی یاساش بە مەرج رەوایە

K24- ھەولێر:

بە گوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوبەرایەتی كاروباری بیانییەكان لە پارێزگای خۆراسانی رۆژھەڵات 20 ھەزار منداڵی بێ ناسنامە لەو پارێزگایە ھەن كە بەرھەمی ھاوسەرگیریی ژنانی ئێرانین لەگەڵ پیاوانی بیانیی.

رۆژنامەی قانوون لە زاری بەڕێوبەری گشتیی کاروباری بیانییەکانی پارێزگای خۆراسانی رۆژهەڵاتی ئێران، محەممەد عەجەمی رایگەیاند: "لە پارێزگای خۆراسانی رۆژهەڵاتی ئێران 6 هەزار و 700 ژنی ئێرانیی لەگەڵ پیاوانی بیانیی دانشتووی ئەو پارێزگایە ھاوسەرگیریی كردووە و ئێستا 20 هەزار منداڵی بێ ناسنامەیان ھەیە".

محەممەد عەجەمی گوتی: "12 هەزار ژنی ئەم پارێزگایە شوویان بە بیانییەکان کردووە، به‌ڵام ته‌نیا 5 هەزار و 300 کەسیان بە فەرمیی مارەبڕینیان لە نووسینگە حکوومییەکاندا بۆ تۆمار کراوە و بەو پێیەش 6 ھەزار و 700 ھاوسەرگیریی لەو پارێزگایە نایاسایین".

عەجەمی گوتیشی: "320 ھەزار بیانیی لە پارێزگای خۆراسان نیشتەجێن كە 250 ھەزار كەسیان بەڵگەنامەی نیشتەجێبوونی فەرمییان ھەیە".

عەجەمی ئەوەشی خستەڕوو: "ژیانی هاوسەریی ژنی ئێرانیی لەگەڵ پیاوی بیانیی لە دەرەوەی یاساش رەوایە،  بەمەرجێک هەردووکیان موسوڵمان بن".

بەڕێوبەری گشتیی کاروباری بیانییەکانی پارێزگای خۆراسانی رۆژهەڵاتی ئێران ئاشکراشی کرد: "ساڵانە 350 ھەزار زیارەتكاری عێراقیی بەمەبەستی زیارەتكردن سەردانی شاری مەشھەد دەكەن، لە ئەنجامی ھاوسەرگیریی كاتیی (سیغە كە لە مەزھەبی شیعەدا رێگەپێدراوە) ژنانی ئێرانیی لەگەڵ ئەو زیارەتكارانە ژمارەی منداڵانی بێ ناسنامە زیاد دەكات".

بە گوێرەی یاسای تایبەت بە ھاوسەرگیریی لە ئێران، ئەو منداڵانەی بەرھەمی ھاوسەرگیریی كاتیی (سیغە)ی نێوان ژنی ئێرانیی و پیاوی بیانیین ھیچ مافێكی یاساییان پێنادرێ، بۆیە ئەو منداڵانە لە خراپترین بارودۆخدا ژیان بەسەر دەبەن.

سەرچاوە: ئێرنا، وەرگێڕان: لەیلا قادریی