سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار: شه‌ڕی رزگاركردنی فه‌للوجه نزیكه
"هێزی پشتیوانیی زرێپۆش له به‌غداوه گه‌یشتووه‌ته ده‌وروبه‌ری فه‌للوجه"
K24 – هه‌ولێر:
سه‌باح گهرحووت، سهرۆكیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار رایگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاركردنی قه‌زای فه‌للوجه به‌رده‌وامن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزی پشتیوانیی سه‌ربازی گه‌یشتووه‌ته ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه.
سه‌باح گهرحووت تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی كوردستان24 گوتی: "دیارنییه كه‌ی شه‌ڕی رزگاركردنی قه‌زای فه‌للوجه(62 كیلۆمه‌تر رۆژئاوای به‌غدا) ده‌ستپێده‌كا، به‌ڵام پشتیوان به خوا له كاتێكی نزیكدا، ئه‌و قه‌زایه رزگاردهكرێ".
سهرۆكیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ئه‌وه‌شی گوت: "حه‌شدی شه‌عبی به‌شداریی له شه‌ڕی رزگاركردنی فه‌للوجه‌دا ناكا".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به گوێره‌ی هه‌واڵێكی مه‌دا پرێس، سه‌ركردایه‌تیی حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نبار رایگه‌یاندووه: "وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ رزگاركردنی قه‌زاكه له ده‌ستی داعش، هێزێكی پشتیوانیی سه‌ربازیی زرێپۆش له به‌غداوه، گه‌یشتووه‌ته ده‌وروبه‌ری قه‌زای فه‌للوجه".
سه‌ركردایه‌تیی حه‌شدی شه‌عبی گوتی: "له پاڵ بڵاوه‌پێكردنی تانك و زرێپۆش و یه‌كه‌كانی تۆپهاوێژ، ئه‌و هێزانه و قه‌نناس به ده‌سته‌كانیان له دیواره خۆڵبهندییهكانی پێشه‌وه بڵاوبوونه‌ته‌وه"، دووپاتیشیكرده‌وه: "بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی رزگاركردنی فه‌للوجه، ئه‌و هێزانه چاوه‌ڕێی فه‌رمانی كۆتایین".
زیاتر گوتی: "بۆ دابڕاندنی ناوچه‌كانی له ژێرده‌ستی داعش له (كرمه) رۆژهه‌ڵاتی فه‌للوجه، هێزه ئه‌منییه‌كان له پۆلیس و سوپا و چه‌كدارانی هۆزه‌كان، دیوارێكی خۆڵبهندییان له ناوچه‌كانی (كێفیه و شهابی-دوو) له رۆژهه‌ڵاتی فه‌للوجه و به درێژایی 7 كیلۆمه‌تر دروستكردووه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "له دوێنێوه هێزه ئه‌منییه‌كان، به قووڵایی 5 كیلۆمه‌تر بۆ ناو سه‌نته‌ری قه‌زای (كرمه) پێشڕه‌وییان كردووه و مهفرهزهشیان له‌و ناوچانه داناوه".
ئا: موحسین حوسێن