لیوای 71 سوپای عێراق رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرا

ھەفتەی رابردوو دوو یەکەی سوپای عێراق گەیشتنە ھەرێمی کوردستان

K24- ھەولێر:

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، لیوای 71 ی سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکرنی شاری مووسڵ رەوانەی ھەرێمی کوردستان کرا.

برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە تویتێکدا نووسیوێتی: "لیوای 71ی سوپای عێراق دوای تەواوکردنی مەشقەکانیان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ نێردراونەتە ھەرێمی کوردستان" .

ناردنی ئەم ھێزانەی سوپای عێراق لە کاتێکدایە کە ھەفتەی رابردوو دوو یەکەی دیکەی سوپای عێراق بۆ ئامادەکاریی گرتنەوەی شاری مووسڵ  نێردرانە ھەرێمی کوردستان .

بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ بە ھاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھاوپەیمانان، سوپای عێراق ھەڵمەتی گرتنەوەی مووسڵ دەستپێبکات.

دوای نزیکەی حەوت مانگ لە کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق لە لایەن چەکدارنی داعشەوە، داعش هێرشی کردە سەر شاری مووسڵ و لە 11/6/2014 کۆنتڕۆڵی کرد و ھێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە و سوپای عێراق بێ بەرگریی مووسڵیان جێھێشت، لەو كاتەوە تا ئێستا مووسڵ لە بندەستی چەكدارانی داعشدایە و تا ئێستا سوپای عێراق نەیتوانیوە ئەو شارە كۆنتڕۆڵبكاتەوە.

داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد