"تای رۆژئاوا لە شكستی ریفۆرمخوازان"
رۆژنامەی جەوان: جیھان چاوەڕوانی رۆژی ھەینییە
K24 – ھەولێر:
پێشوازیی ئێران لە رۆژنامەنووسانی بیانیی بۆ رووماڵكردنی ھەڵبژاردن، ھێرەشەكانی لایەنەكان بۆ سەر یەكدی، ئەو شەپۆلەی دوای وتارەكەی عەلی خامەنەئی سەبارەت بە رۆڵی میدیا بیانییەكان لە ھەڵبژاردن لە ئێران كەوتەڕێ و بووە ھۆی ھێرشی بەرفراوانی پارێزگاران بۆ سەر ریفۆرمخوازان، مژاری گرنگی چاپەمەنییەكانی ئەمرۆی ئێرانن.
خامەنەئی ماوەیەك لەمەوبەر میدیا بیانییەكانی بەوە تۆمەتبار كرد كە كار لەسەر رەوتی ھەڵبژاردن لە ئێران دەكەن و دەست لە كاروباری ناوخۆی ئێران وەردەدەن، ئەم گوتەیەی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بە بیانوویەك بۆ ئەوەی باڵی پارێزگاران ھێرش بكەنە سەر ریفۆرمخوازان، ئەو ھێرشانەش لە دوایین رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، ھەڵویستی ھاشمی رەفسەنجانیی (سەرۆكی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە یەكێك لە سەركردەكانی باڵی ریفۆرمخواز) و چەندین كەسایەتی ئایینیی بەدوای خۆیدا ھێنا.
راپۆرتی سەرەكیی رۆژنامەی شەھروەند باسی چوونی 473 رۆژنامەنووس بۆ ئێران دەكات كە لە 29 وڵاتی جیھانەوە بۆ رووماڵی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
ھاوكات رۆژنامەكانی سەر بە باڵی پارێزگاران باسیان لە چوونی ژمارەی زۆری رۆژنامەنووسی بیانیی بۆ ئێران كردووە، بۆ نموونە مانشێتی راپۆرتی سەرەكی رۆژنامەی جەوان سەر بە پارێزگاران ئەمەیە: "تای رۆژئاوا لە شكستی ریفۆرمخوازان".
رۆژنامەی جەوان لەو راپۆرتەیدا باس لە بۆچوونی چەندین كەسایەتیی سیاسیی و رۆژنامەنووسیی بیانیی لەسەر ھەڵبژاردنی ئێران لە ساڵانی رابردوودا دەكات و نووسیوێتی: "سەرۆكی رێكخراوی سی ئای ئێی (CAI) ئەمریكا گوتوویەتی، ریفۆرمخوازان و سەرنووسەری بەشێك لە رۆژنامەكانی ئێران بوێرن".
ئەو رۆژنامەیەی سوپای پاسداران دەڵێ: "جیھان چاوەڕوانی رۆژی ھەینییە" و بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە بكات لە زاری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیسرائیل نووسیوێتی: "نیگەرانیی لاوازبوونی باڵی ریفۆرمخوازیی ئێرانین" و كاناڵی تەلەفزیۆنی (فرانس 24 )یشی بە نموونە ھێناوەتەوە كە رایگەیاندووە: "فرانس 24 لەو ھەفتەیەدا بە زمانەكانی عەڕەبیی، ئینگلیزیی و فەرەنسیی رووماڵی ھەڵبژاردنی ئێران دەكات".
حامید وەكیلیی لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا نووسیوێتی: "ئەمرۆ دوا رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنە، ھەفتەی رابردوو ھەفتەی دروشم بوو. دەرەنجامی ھەڵبژاردن لە رۆژی ھەینیدا رادەی باوەرمەندی خەڵك بەو دروشمانە دەردەخات".
بەرنامەكان بخرێنە چوارچێوەی ئیمكانیاتەوە
بیژەن عەبدولكەریمیی لە وتاری سەرەكیی رۆژنامەی ئێران نووسیوێتی: " جیھان، مێژوو، ژیان و چوارچێوەی سیاسیی گۆڕەپانی دەرخستنی ھەستی دەروونی نییە، زۆربەی پرسەكانی جیھان و ژیان بە پێی مەیل، ئاوات، حەز و بەرنامەكانی ئێمە نیین، بەرنامەكانمان پێویستە لە چوارچێوەی ئیمكانیاتماندا بن".
ئەبولقاسم قاسم زادە لە سەروتاری رۆژنامەی ئیتلاعاتدا نووسیوێتی: "رۆژی ھەینیی داھاتوو، رۆژی سەقامگیركردنی سیستمی دیموكراتییە لە ئێران. ئازارەكانی خەڵكی ئێران لە رادەبەدەرن، لەسەروی ھەموویانەوەی گەندەڵیی لە ئێران كێشەیەكی گەورەیە، ھەرچەندە دەكرێ بە شێوازیی جۆراوجۆر بەرەوڕووی گەندەڵی بینەوە، بەڵام رۆژی ھەینیی رۆژی سەرھەڵدانە، رۆژی مافی ھەڵبژاردنە، لەو رۆژەدا دەتوانین بە ھەڵبژاردنی كەسی شیاو ھەنگاوی گرنگ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بنێنن".
ئامادەكردنی: لەیلا قادریی