ھۆشداریی تێکچوونی ناوچەی شنگن دەدرێت

.ئەڵمانیا و سوید داوا دەکەن بۆ چارەسەری قەیرانی کۆچبەران گۆڕانکاریی لە سیستمی شنگندا بکرێت

K24 - ھەولێر:

ئەڵمانیا و سوید بەھۆی قەیرانی كۆچبەرانەوە، ھۆشداریی تێكچوونی ناوچەی شنگن دەدەن داوا دەکەن بۆ چارەسەری قەیرانی کۆچبەران گۆڕانکاری لە سیستمی شنگندا بکرێت.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا و وەزیری دادی سوید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین داوای چارەسەری خێرایی قەیرانی پەنابەرانیان کرد کە ئێستا یەکێتیی ئەوروپا بەدەست زۆریی رێژی پەنابەرانەوە دەناڵێنێت.

یەکێک لەو پێشنیازانەی سوید و ئەڵمانیا خستویانەتە روو پێداچوونەوەیە بە سیستمی شنگن.

سیستمی شنگن ماوەی 30 ساڵە لە نێوان 26 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپادا پەیڕەو دەكرێ كە ھیچ سنوورێك لە نێوان وڵاتانی شنگندا نییە، ئەو كەسەی ڤیزای شنگن وەردەگرێ دەتوانێ سەردانی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی شنگن بكات، بەڵام لە ساڵی رابردووە بەھۆی چوونی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە کە روویان لە ئەوروپا کردووە ئەندامانی ناوچەی شنگن ناچار بوون پێداچوونەوە بە رێککەوتنی شنگندا بکەن.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی قەیرانی پەنابەران ئاشکرای کرد ناوچەی شنگن لەناو دەچێت.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەێک کە لە ئەڵمانیا ئەنجامدراوە، ئەگەر ناوچەی شنگن نەمێنێت لە ماوەی 10 ساڵی داھاتوودا یەک تریلیۆن و 400 ملیارد یۆرۆ زیان بە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەگات.

 سەرچاوە: فرانس پرێس، داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد