ئێرانییهكان ئهندامانی نوێی ئهنجوومهنی شوورا و شارهزایان ههڵدهبژێرن
"ماوەی دەنگدان لانیكەم 10 كاتژمێرە و دەنگدەران لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە تا 6ی ئێوارە دەتوانن دەنگ بدەن"
K24 – ھەولێر:
دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەڕانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەمڕۆ دەستیپێكردووە، لایەنەكان بۆ بەدەستھێنانی 290 كورسی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و 88 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران كێبركێ دەكەن.
سەرۆكی ناوەندی گشتیی ھەڵبژاردن لە ئێران رایگەیاند:"ماوەی دەنگدان لانیكەم 10 كاتژمێرە و دەنگدەران لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە تا 6ی ئێوارە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام لە كاتی پێویستدا لە ھەندێك ناوەندی ھەڵبژاردن رەنگە ماوەكە درێژ بكرێتەوە".
ناوەندی گشتیی ھەڵبژاردن داوای لە دەنگدەران كردووە: "جگە لە ناسنامە پێویستە دەنگدەران كارتی نیشتمانیشیان پێ بێت".
بریكاری وهزیری ناوخۆی ئێران، حوسێن عەلی ئەمیریی گوتی: "120 ھەزار سندووقی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی و ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران له سەرجەم پارێزگاكانی ئێران داندراون".
وەزیری ناوخۆی ئێران، عەبدولڕەزا فەزڵی گوتی: "ئەنجامی كۆتایی دەنگەكان تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە رادەگەیەنرێت، بەڵام كاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی دەنگدان دیاری نەكراوە".
سەرۆكی ناوەندی گشتیی ھەڵبژاردن، شەھابەددین چاووشی لە تاران گوتی: "نزیكەی8 ملیۆن و نیو دەنگدەر لە تاران ھەن و ئەگەری ھەیە پڕۆسهی جیاكردنهوهی دەنگەكانی تاران دوو بۆ سێ رۆژی پێویست بێت".
بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی شورای نیگەھبان كە چاورێری ھەڵبژاردن دەكات، 6 ھەزار و 333 كاندیدی قبووڵ كردووە و دوێنی بە فەرمی رایانگەیاند: "لەو ژمارەیەش 1480 كەسیان پاشهكشهیان كردووه".
ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی حەسەن رووحانی دەڵێن: "ھیوادارین لەو ھەڵبژاردنەدا بتوانین ژمارەی لایەنی بەرامبەر لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی كەم بكەنەوە".
لە بەرامبەریشدا پارێزگاران كە زۆرترین كاندیدیان شیاوبوونیان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە قەبووڵكراوە، دەڵێن: "دووھێندهی كورسییەكان بەدەست دێنین".
سهرچاوه: بی بی سی فارسی+رۆیتهرز - و: لەیلا قادریی