خامەنەئیی: دەبێ ھەڵبژاردن دوژمن نائومێد بكات
"ھەڵبژاردن ھەم مافە و ھەم ئەرك و بە پێی ئایینی ئیسلام ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆی پێشكەوتن لە كاری خێردا
K24 – ھەولێر:
ریبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامەنەئی لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، لە بنکەیەکی دەنگدانی شاری تاران دەنگی دا.
خامەنەئی گوتی: "ھەڵبژاردن ھەم مافە و ھەم ئەرك و بە پێی ئایینی ئیسلام ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆی پێشكەوتن لە كاری خێردا".
رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی: "ھەر وەك پێشتر گوتم، هەر کەس ئێران و کۆماری ئیسلامیی خۆش دەوێ و گەورەیی نەتەوەیی ئێرانی دەوێ پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکات".
لە درێژەی قسەكانی دا خامەنەئی گوتی: "ئیمە دوژمنمان زۆرە ئەو دوژمنانە چاوی تێبڕیوین، بە بەشداریتان لەو ھەڵبژاردنەدا نائۆمێدیان بكەن".
رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران روویكرده خەڵكی ئێران و گوتی: "بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن جگە لە خێر و پاداشتی ئەم دونیایە، پاداشتی بۆ دوارۆژی دواییشتان ھەیە".
خامەنەئی داوای لە دەنگدەران کرد بۆ هەڵبژاردنیش کە کارێکی باشە و ئەرک و مافی هاووڵاتیانە پەلە بکەن و لە یەکەم کاتەکاندا بەشداری بکەن.
سهرلهبهیانی ئهمڕۆ پڕۆسهی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەڕانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی دهستیپێكرد، لایەنەكان بۆ بەدەستھێنانی 290 كورسی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و 88 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران ركابهریی دەكەن.
سەرۆكی ناوەندی گشتیی ھەڵبژاردن لە ئێران رایگەیاند:"ماوەی دەنگدان لانیكەم 10 كاتژمێرە و دەنگدەران لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە تا 6ی ئێوارە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام لە كاتی پێویستدا لە ھەندێك ناوەندی ھەڵبژاردن رەنگە ماوەكە درێژ بكرێتەوە".
بریكاری وهزیری ناوخۆی ئێران، حوسێن عەلی ئەمیریی گوتی: "120 ھەزار سندووقی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی و ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران له سەرجەم پارێزگاكانی ئێران داندراون".
وەزیری ناوخۆی ئێران، عەبدولڕەزا فەزڵی گوتی: "ئەنجامی كۆتایی دەنگەكان تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە رادەگەیەنرێت، بەڵام كاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی دەنگدان دیاری نەكراوە".
بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی شورای نیگەھبان كە چاورێری ھەڵبژاردن دەكات، 6 ھەزار و 333 كاندیدی قبووڵ كردووە و دوێنی بە فەرمی رایانگەیاند: "لەو ژمارەیەش 1480 كەسیان پاشهكشهیان كردووه".
ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی حەسەن رووحانی دەڵێن: "ھیوادارین لەو ھەڵبژاردنەدا بتوانین ژمارەی لایەنی بەرامبەر لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی كەم بكەنەوە".
لە بەرامبەریشدا پارێزگاران كە زۆرترین كاندیدیان شیاوبوونیان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە قەبووڵكراوە، دەڵێن: "دووھێندهی كورسییەكان بەدەست دێنین".
سەرچاوە: بی بی سی، و: لەیلا قادریی