"تۆمەتباریکی" هێرشەکانی پاریس لە جەزائیر دەستگیر کرا
تۆمەتبارەكە خاوەنی ناسنامەی بەلجیكییە
K24 - ھەولێر:
کەسێک كە تۆمەتبارا کراوە بەشداریکردن لە ھێرشەكانی پاریسدا كردووە، لە جەزائیر دەستگیركرا.
دادگایەکی شاری بجایەی جەزائیر رایگەیاند:" تۆمەتبارێك بە ناوی زوهێر مەهداویی كە تەمەنی 29 ساڵە، دەستگیر کراوە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە هێرشەکانی 13- 11- 2015 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا".
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دادگای شاری بجایە، تۆمەتبارەکە پەیوەندیی راستەوخۆی هەبووە لەگەڵ عەبدول حەمید ئەباعودیی سەرپەرشتیاری راستەوخۆی هێرشەکانی پاریس، کە دوای پێنج رۆژ لە ئەنجامدانی هێرشەکان لە ناوچەی سان دۆنی فەرەنسا بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژرا.
لەمبارەوە رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسیی نووسیوێتی: "تۆمەتبارەكە خاوەنی ناسنامەی بەلجیكابووە، دوای ئەوەی ھەڵمەتی گەڕان بەدوای تۆمەتباران لە فەرەنسا و بەلجیكا دەستیپێكردووە، ئەو تۆمەتبارە كە بە رەچەڵەك جەزائیرییە گەڕاوەتەوە جەزائیر.
چەكدارانی داعش لە مانگی 11 ساڵی رابردوو چەند ھێرش و تەقینەوەیەكیان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدا لە ئاكامدا زیاتر لە 120 كەس كوژران و نزیکەی 300 دیکەش برینداربوون، لەو كاتەوە تا ئێستا حكوومەتی فەرەنسا باری نائاسایی راگەیاندووە و چەندین رێكاری توندی گرتووەتەبەر لە دەستووریشیدا مافی لێسەندنەوەی ناسنامەی لە توندڕەوان چەسپاند.
ئا: شنۆ محەممەد